په‌یامی هه‌ڤاڵ(ئاسۆ مامه‌ند) له‌ یادی 41 ساڵه‌ی دامه‌زراندی كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كوردستان.

په‌یامی هه‌ڤاڵ(ئاسۆ مامه‌ند) له‌ یادی 41 ساڵه‌ی دامه‌زراندی كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كوردستان.

 

خوێندكارانی ئازیز نەوەی ئەمڕۆ ودواڕۆژی نیشتمانەكەمان بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی كۆمەلەی خوێندكارانی كوردستان .بەناوی خۆم مەلبەندی دووی رێكخستنی كەركوك, سلاوی رێز و خۆشەویستیتان ئاراستە دەكەم , پیرۆزبایی 41 ساڵەی تەمەنی رێكخراوەكەتان لێدەكەم . 41 ساڵ لەمەوبەر و لە شاری كەركوكی قودسی كوردستان . شاری مەلبەندی كلپە و بلێسەی كوردایەتی و شۆڕشی نوێ ,لەسەر دەستی چەند خوێندكار و گەنج و لاوێكی خوێن گەرم, لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆ كۆمەلەكەتان “كۆمەلەی خوێندكارانی كوردستان” دامەزرا . كۆمەلەكەتان لەو رۆژەوە جگە لە خەباتی پێشەیی خوێندكاران .وەك ناوەندێكی گەورەی پێگەیاندنی سەركردە و كادیرە پێشكەوتووەكانی خەباتی كوردایەتیە . دەیان سەركردەی ناودار و بەتوانای یەكێتی نیشتمانی كوردستان ,دەستپێكی خەبات و چالاكی سیاسیان لە رێكخراوەكەی ئێوە بووە . واتە لە بیروباوەڕی كۆمەلەی خوێندكارانەوە پەروەردە بوونە ,جگە لەوە كۆمەلەكەتان لە مێژووی پڕ لەسەروەری خۆیدا بە دەیان سەركردە و كادیری ئازا و تێكۆشەری ,لە مەیدانی خەبات و پێشمەرگایەتیدا شەهید بوون . یاخود لە بەندیخانەكانی رژێمی بەعس داستانی ئازایەتی و چاونەترسین تۆمار كرد .

بۆیە مێژووی كۆمەڵه‌كەتان مێژوێكی پڕشنگدارە ,لە خەباتی رزگاریخوازانەی كۆمەلانی خەلكی كوردستاندا .

ئەمڕۆش ئەركی ئێوە پێگەیاندن و هۆشیار كردنەوەی زۆرترین ژمارەی خوێندكارانە, بۆ خەبات كردن لە پێناو چەسپاندنی كۆمەڵگایەكی بەختەوەر و دادپەروەریەكی باڵادا . خۆشەویستان قۆناغەكانی خەباتی میللەتەكەمان رۆژ بەرۆژ لە گۆڕاندایە . لە ئێستادا پێشكەوتنی گەورە هاتۆتە دی . شارێكی وەك كەركوك كە بۆ رێكخراوەكەی ئێوە, گرنگی و بایەخی خۆی هەیە . رۆژ بەرۆژ سیما رەسەنەكەی خۆی وەردەگرێتەوە . كە شارێكی رەسەنی كوردستانیە . لەكۆنەوە پێكەوە ژیانی ئاشتیانە لەم شارە هەبووە . لە ئێستاشدا لە سایەی خۆێنی گەشی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان ,توانرا شاری كەركوك بپارێزرێ و لە مەترسیەكانی تیرۆرستان بە دوور بگیرێ‌ .

پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی نەتەوە و ئاین و مەزهەبە جیاوازەكان درێژەی پێبدرێت .دیارە یەكێتی نیشتمانی كوردستان ,لەم شارەدا رۆلی دیار و بەرچاوی هەبووە . بۆیە لە ئێستادا كەركوك زۆرترین سیما و رووخساری كوردستانیە ,چونكە پێشمەرگە پارێزگاری لێدەكات . ئاسایش و پۆلیس ئارامی و سەلامەتی شار دەپارێزن .

ئالای كوردستانیش بووە بە ڕەمزی پاراستن و دابین كردنی سەقامگیری ,بە بێ‌ جیاوازی بۆ سەرجەم دانیشتوانی كەركوك . لە ئێستادا كوردستان بە بارودۆخێكی هەستیار گوزەر دەكات . ئێمە لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان ,كە لە ساڵی 1983 وە دروشمی مافی چارەی خۆنووسینمان بەرزكردۆتەوە . هەر ئێمەش بووین سیستەمی فیدڕالیمان كردە بنەمای پێكەوە ژیان لەگەل عێراقی تازە . ئەو فیدڕالیەتەش لە ساڵی 2005 لە دەستووری هەمیشەیی عێراق چەسپا. لە ئێستاشدا یەكێتی ,جەخت لە ئەنجامدانی ریفراندۆم دەكاتەوە ,بۆ گەیشتن بەسەر بەخۆیی باشوری كوردستان . بەمەرجێك شاری كەركوك و تەواوی ناوچە دابڕینراوەكانی تیدا بێت . هەروەها ئەم هەنگاوەش بە دلنیایەوە, بەبێ‌ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان مەحالە و ناكرێت . بۆیە داوادەكەین پەرلەمان كارا بكرێتەوە . ریفراندۆمیش تەواوی باشوری كوردستان بگرێتەوە . هەروەها ئامانجیش لێی سەربەخۆی كوردستان بێت . نەوەك تەنها پڕۆسەیەكی سیاسی بێ‌ ناوەڕۆك بێت . لە هەمان كات داوا دەكەین, كەوا رەوشی ئابوری كوردستان چاك بكرێت . سەرچاوەكانی داهات بەشێوەیەكی تەندروست و شەفاف بەكار بهێنرێت .بۆ خزمەتی كەس و كاری شەهیدان و پێشمەرگە و تەواوی خەڵكی كوردستان بێت .هەر لێرەوە بە پێویستی دەزانین لە یادی 41 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی كۆمەلەكەتان, سلاوی رێز و وەفا و خۆشەویستی بۆ هەڤالی تێكۆشەر و رابەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان و خەمخۆری گەورەی شاری كەركوك هەڤال جەنابی( مام جەلال) بنێرین . هیوای چاكبوونەوەی بۆ بخوازین .

لە كۆتایدا هیوادارین ساڵێكی تر یادی كۆمەلەكەتان لە كوردستانێكی سەربەخۆ و بێ قەیران بكەینەوە . سلاو لە ئێوەی هەلگرانی مەشخەلی زانست و زانیاری . ئێوەی نەوەی ئەمڕۆ و دواڕۆژ . سلاو لە گیانی پاكی شەهیدان . سلاو لە پێشەرگە قارەمانەكانی سەنگەری بەرگری ,كە بوونەتە شورایەكی پۆلاین بۆ پاراستنی خاكی نیشتمان . دووبارە پێرۆزبێت یادی 41 ساڵەی دامەزراندنی كۆمەلەی خوێندكارانی كوردستان . هەر شاد و سەركەوتوو بن .

 

(ئاسۆمامه‌ند)

ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و

لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی دووی ڕێكخستنی كه‌ركوك

26/4/2017 كه‌ركوك

پـــەیـــوەنــدیــدار