وەزارەتی کارەبا ڕاگەیەنراوێك بڵاو دەکاتەوە

وەزارەتی کارەبا ڕاگەیەنراوێك بڵاو دەکاتەوە

 

وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كورستان ڕایدەگەیەنێت،  بەهۆی دابین نەكردنی سووتەمەنی (گازئۆیل) بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا ئاستی بەرهەمهێنان لە ئێستادا زۆر كەمی كردووە ، دەشڵێن:”لە ئێستادا تەنها لە سلێمانی (٦ یەكە) و لە هەولێر (٥ یەكە) كار دەكەن”.
جەختیش لەوەدەكاتەوە ، كە چارەسەری ڕیشەیی ئەو كێشەیە بە جێبەجێكردنی بڕیاری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەبێت، كە تا كۆتایی ساڵی ٢٠١٦ پێویستە غازی سروشتی بۆ سەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا دابین بكرێت .
لە ڕاگەیەنراوێكی وزارەتی کارەبادا هاتووە ، بەهۆی دابین نەكردنی سووتەمەنی (گازئۆیل) بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا ئاستی بەرهەمهێنان لە ئێستادا زۆر كەمی كردووە، لەئەنجامدا لە وێستگەی دهۆكی غازی ئێوارەی (٢٤/١٢/٢٠١٥) یەكەیەكی تری ئەو وێستگەیە دەرچوو لە كاركردن وە ئێستا لە (٨) یەكەی ئەو وێستگەیە كە توانای بەرهەمهێنانی هەر یەكەیەك (١٢٥) مێگاواتە، تەنها ٣ یەكەی لەكاردایە، وە هەروەها رۆژی (٣٠/١٢/٢٠١٥) چەند یەكەیەكی تری بەرهەمهێنان لە هەردوو وێستگەی سلێمانی غازی و هەولێری غازی لەكار وەستان، بەجۆرێك ئێستا لە سلێمانی (٦ یەكە) و لە هەولێر (٥ یەكە) كار دەكەن، وە ئەوەی هەولێر بووەتە هۆی وەستانی یەكەیەكی بەرهەمهێنان لە وێستگەی كۆمباین سایكڵی وێستگەی هەولێری غازی.
هەر لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە ، كە لە وێستگەی خورمەڵە (كە ٤ یەكەیە و هەر یەكەیەكیان توانای بەرهەمهێنانی ١٦٠ مێگاواتی هەیە) بەهۆی كێشە لە سەرچاوەی غازەكەی تەنها یەك یەكە كار دەكات، وە هەرسێ وێستگەی ٢٩ مێگاواتی وەستاون لەكاركردن وە هەروەها وێستگەی باعەدرێ بەهۆی نەبوونی ڕۆنەوە بەرهەمهێنانی كەمی كردووە.. بۆیە ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا لەهەرێمی كوردستان دابەزیوە بۆ نزیكەی ٢٢٥٠ مێگاوات (لەكاتێكدا توانای بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێم ٤٠٠٠ مێگاواتە).
ئەوەخراوەتەڕوو، دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی رابردوو وەزارەتمان تەواوی هەوڵەكانی خۆی خستە گەڕ بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەكان، گەیشتینە ئەو ئەنجامەی كە ڕێگەی هاتنی گازئۆیل گیراوە و تا (٧) ی مانگی داهاتوو سوتەمەنی نایەتە كوردستان، وە بڕی (٢٠) ملیۆن لیتر گازئۆیل لەناوخۆ دابیندەكرێت بۆ ئەو ماوەیە.
ئاشكراشیكردوە ، لەئێستادا ئێمە رووبەڕوی كێشەی گەورە دەبینەوە لەسەرچاوەی بەرهەمهێنانی كارەبا لەكاتێكدا چەند ڕۆژێكە پێمان ناوەتە وەرزی زستانەوە و پێشبینی دابەزینی زیاتری پلەكانی گەرما و زیادبوونی خواستی كارەبا دەكرێت . وە ئەمە كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر كەمبوونەوەی ماوەی پێدانی كارەبای نیشتمانی.
هەر لە درێژەی رٍاگەیەنراوەكەی وەزارەتی كارەبا دا ئاماژە بۆ ئەوەكراوە ، كە وەك وەزارەتی كارەبا لەكاتێكدا ئەم راستیانە دەخەینە ڕوو دەربارەی بارودۆخی ناهەمواری كارەبا و كێشەی سووتەمەنی وێستگەكان، بڕوای تەواومان دووپات دەكەینەوە، كە چارەسەری ڕیشەیی ئەو كێشەیە بە جێبەجێكردنی بڕیاری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەبێت كە تا كۆتایی ساڵی ٢٠١٦ پێویستە غازی سروشتی بۆ سەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا دابین بكرێت.
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەشدا ئەوە هاتووە: رای دەگەیەنین كە تۆڕەكانی گواستنەوەی كارەبا توانای گواستنەوەی ٣٥٠٠ مێگاواتیان هەیە گەر سووتەمەنی پێویست دابین بكرایە، وە هاوڵاتیانی هەرێمیش دڵنیا دەكەینەوە كە بەردەوام دەبین لە هەوڵەكانمان بۆ چارەسەری كێشەكەو لای ئێمە ئەولەویەت بۆ كارەبای هاوڵاتیانە.

پـــەیـــوەنــدیــدار

کـــۆمــێـنـت بــنــوســە