بێهەڵوێستی حکومەتەکەی هەولێر!

بێهەڵوێستی حکومەتەکەی هەولێر!

مەهدی خالید خەمبار

دورناڕۆین خۆمان لەقەرەی سەرۆکە شێتەکانی هەردوکۆریا و ترامپەکەی خۆمان نادەین کە پێڕێکی سیانین و با لەو پۆتینە نێگبەتیش گەڕیین کە لەو نێوەندەدا گیری خواردوە.

لە ڕۆژهەتی ناوڕاست،لە مێژە ترامپ و پۆتین قومار لەسەر بەدەستخستنی نێچیری نوێ دەکەن! نەخشەی نوێی گۆڕانکاریەکانیشیان ئامادەیە خوا بکات لەسەری نەگەنە مریشکەڕەشە!

ئەردۆغانیەکان سەریان لەوکەینوبەینە دەرناچێت،هەربۆیە ماخۆرانیانە دەمێ بۆلای پۆتین ودەمێک بۆلای ترامپ و چینێک بۆلای مەلاکانی تاران و دەمێک بۆلای ئەمیرە کۆن و تازەکان ئەوانەی پاکیزەکانمانیان لەخۆیان حەڵاڵکردوە.

ئاکپارتیەکانی ئەنکەرە و سیاسیەکانمان لە چاویپیس دوربن بەردەوامن لە فسکەفسکە پشت پەردەییەکانیان لەهەولێروئەنکەرە.

مۆتەکەی دەسەڵات لە باکور ڕۆژانە ڕۆڵەکانمان شەهید و بریندار دەکەن و ماڵوسامانیان خاپوردەکەن،بەشێوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراویش ڕۆژانە پەڕلەمەنتارانی کورد و هاوسەرۆکان و ئەندامانی هادەپ ڕاپێچی زیندانەکان دەکەن؟

هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک تاڵانچیەکانی نەوتی کوردستانیان هەراسانکرد،داوای دەستبەجێی هێنانەخوارەوەیان کرد،ئەمە چاوەڕوانکراوبو،بەڵام بەبەراورد بە وتەکانی پێشانیان نەدەبو سەرۆکی حکومەتی کوردستان وەک توتی بڵێتەوە بەڵێ کەرکوک شاری کورد نیە، پرسیار ئەوەیە گەلۆئەگەر ئەمە وابێت وەک وانیە،ئەدی ئەو ڕوبارە خوێنەتان بۆ بەئێمە ڕشتوە؟

لەڕابردوشدا بێهەڵوێستی حکومەتەکەی هەولێرمان لە بۆمبارانی بناری قەندیل،ئامێدی،دهۆک،خواکورک،لۆلان،دەوروبەری ڕەواندوز بینیبو!

ڕێفرەندۆمەکەی ئەم دواییەی تورکیا توانی سیستەمی حوکمڕانی لە پەڕلەمانیەوە بۆسەرۆکایەتی بگۆڕێت و شەرعیەتی پێویست بە دروستکردنی دیکتاتۆریەت بدات و دەسەڵاتی ڕەهاش ببەخشێتە خەلیفەکەی ئەنکەرە بۆ قۆرخکردن وژێرڕکێفخۆخستنی پۆستە ستراتیژیەکان.

بەڵێنە ئەنتی کوردستانیەکانی وەکیەکەم هەنگاو خستە بواری جێبەجێکردنەوە و سرەواندنی گورزی کوشندە لە گەریلاکانی پەکەکەی کردە بەهانە،هێزێکی زۆری ئاسمانی و زەمینی خەریکی کێوماڵکردنی ناوچە کوردیەکانی شرناخ و جۆڵەمێرگ و وان ،پەل بۆ ڕۆژاڤاش دەهاوێت و هێرشی زەمینی و ئاسمانی لە دژی شەڕڤانانی کورد دەستپێدەکات و لەدوا هێرشی فڕۆکە جەنگیەکانیان بۆ سەر شاخی قەرەچوغ و دێرک٤٠ قوربانی لێدەکەوێتەوە.

هاوکات شەنگالیش دەکەوێتە بەر بوردومانی فڕۆکە جەنگیەکانی تورک.  بێهەستوخوستی سەرۆکایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران وبێهەڵوێستیان بەرامبەر ئاگاداربونیان لەبوردومانەکە و خۆبەدورگرتنی فراکسۆنی پارتی لەوبەیاننامەهاوبەشەی سەرکۆنەکردنەی چوار فراکسۆنەکەیتری پەڕلەمانی کوردستان کە دژبەدەستدرێژی تورکیا وهێرشە بەربەریەکانیان کرد و تاوانبارکردنی پەکەکە لەلایەن فراکسیۆنی پارتی و ڕاگەیێنراوە بەناو وەزارەتی پێشمەرگەوە.بەدڵنیاییەوە ئەم جۆرە هەڵسوکەوت و سیاسەتکردنە هەڵەیە خەونی دوای سەد ساڵ نەهامەتی و چاوەڕوانی میلەتێک بەدەری ئەنفال دەبات،بۆ ئەوەی ئەمەش نەقەومێ ئەرکی مێژویی هێزە سیاسیەکانیترە بوێری ئەوەیان تیابێت کارتی سور بەرز بکەنەوە!

نەبونی هەڵوێستی توندی شەریکە بەشەکان وهاوپەیمانان لەدژی پێشێلکاریەکانی تورکیا جۆرێکە لە هەڵکردنی چرای سەوز بۆتورکیا و ئەردۆغانیەکان بۆ ئەوەی دەستکراوەتربن لە بەکارهێنانی هێز لەکەی و دژبەکێ و لەکوێی قوڵایی باشورو ڕۆژاڤادا،هەرچەندە زوە بۆ ئەوەی لە ناوەخنی ئەم پشیپشی و جۆ ڕۆکردنەی وڵاتان بۆ تورکیابگەین.بۆپێشگرتن بەهێرشەکانی تورکیا لەڕۆژاڤا پێویستە پەیەدە کارتە بەهێزەکانی فشار وردەوردە بەکاربهێنێت!

ئەوانەی کە پێیانوایە لە سیاسەت حاڵین زۆرلەوانە ناحاڵیترن کە لێی حاڵینین. سیاسی و دەمڕاستەکانی ئێمە بەشێکن لەم گروپە.

ئەم جۆرە هەڵسوکەوت و سیاسەتکردنە هەڵەیەی سەرکردایەتی سیاسی کورد لە باشور بەدورنابینرێت خەونی دوای سەد ساڵ نەهامەتی و چاوەڕوانی میلەتێک بەدەری ئەنفال ببرێت، بۆ ئەوەی ئەمە نەقەومێ ئەرکی مێژویی هێزە سیاسیەکانیترە بوێری ئەوەیان تیابێت کارتی سور بەرز بکەنەوە و بڵێن ستۆپ

پـــەیـــوەنــدیــدار