یەكێتی و گۆڕان ئەم قۆناغە چۆن تێبپەڕێنن ؟

یەكێتی و گۆڕان ئەم قۆناغە چۆن تێبپەڕێنن ؟

نەوزادی موهەندیس
Nawzad_mohandis@yahoo.com

لە ئێستادا كەمتر لە 2 هەفتەی ماوە بۆ یادكردنەوەی ساڵی یەكەمی ڕێكەوتنامەی سیاسی نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە 17/5/2016دا. كە بە ئامادەبوونی هەردوو سەركردە مامجەلال و كاك نەوشیروان واژۆكرا وەك دوو هێز و حیزبی سیاسی هاوشان و هاوكاری یەكتر،ڕێكەوتنەكە لە ئەنجامی ژانێكی دوورودرێژ و سەخت و دژواردا هاتە لەدایكبوون،چونكە لە بنچینەدا جیابونەوەی گۆڕان لە یەكێتی لەسەر بنەمای فكر و ئایدیایەكی جیاواز نەبوو بەڵكو تەنها لەسەر شێواز و میكانیزمی ئیدارە و بەڕێوەبردن و دەسەڵات لەناو حكومەت و حیزب و چۆنێتی مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەكان و پابەندنەبوون بە دیسپلینە حیزبیەكان و كاڵبونەوەی ژیانی حیزبایەتی و ڕۆحیەتی هەڤاڵانە و ڕەخنەگرتنیش بوو لە دیاردە دزێوەكانی گەندەڵی و مەحسوبیەت و ناعەداڵەتی و نەبونی نیەتی چاكسازی و ڕیفۆرم و هەنگاو بەرەو پێشەوەنان و دەرچوون لە خولانەوە لەبازنەیەكی بۆشی بێ ئومێدی و ناڕووندا.كە دەكرا هەموو ئەو بۆچوون و ڕەخنانە لەناوخۆی یەكێتیدا چارەسەربكرانەیە و یەكێتیش بەو دەردە نەبرایەوە و لاواز نەكرایە، هەربۆیە ئەم ڕێكەوتنە بۆ هەردوولا لە قۆناغێكی زۆر هەستیار و پێویستدا هاتە بوون و هەردوولاش هێشتا برینی جیابونەوە و دووركەرتبونەكەیان لە یاد نەكردبوو، هێشتا گەرموگوڕی و دژایەتیكردنی یەكتری لەناخیاندا قوڵپی دەدا،بەڵام ناچاری قۆناغەكە و ڕووداو و پێشهاتەكان بونە هۆی لێكنزیكبونەوە و واژۆكۆدنی ئەم ڕێكەوتنامەیە، ڕێكەوتنامەكە بۆخۆی دان نانی هەردوولا بوو بە هەڵەكانی ڕابووردویان و پەشیمانبونەوەیەكیش بوو لەهەڵەكانیان وهیچكامیشیان لە پێگەی بەهێزەوە نەهاتنە پێشەوە بۆ ڕێكەوتنەكە.
• ئەم ڕێكەوتنە بۆ كرا؟ گرنگیەكەی چی بوو؟
1.ڕێكەوتنەكە زەرورەتی قۆناغەكە سەپاندیی بەهۆی، لەلایەك پەكخستنی پەڕلەمان و وەدەرنانی وەزیرەكانی گۆڕان لە حكومەتدا و هەڵوەشاندنەوەی ڕێكەوتنەكەی نێوان پارتی و گۆڕان .
2. زیادبوون و سەپاندنی هەژموونی پارتی لە ناو دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمدا.
3.داگیركردنی شەنگال و زیادبوونی مەترسیەكانیش بۆ سەر كەركوك.
4.خراپی گوزەرانی هاوڵاتیان و بڕینی بەشە بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە لەسەرەتای ساڵی 2014وە.
4. پەیڕەوكردنی سیاسەتی هەڵەی نەوتی و دیارنەمانی داهات و خراپبوونی گوزەرانی جەماوەر و پەیڕەوكردنی سیستەمی پاشەكەوتی موچە و ڕاوەستاندنی پڕۆژە ئاوەدانیەكان و نەمانی خزمەتگوزرایەكان.
5. خراپبوونی پەیوەندیە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكانیش بە هەرێمەوە و بەتایبەتیش لەگەڵ بەغدادا.
6. ڕێكەوتنەكە لە پێناو ئارامكردنەوە و ئاسایكردنەوەی دۆخی بارگاوی و توڕەو نزیك لە تەقینەوەی ناوچەی پارێزگای سلێمانی بوو.
• گرنگیەكەشی لەوەدا بووكە بوە هۆی :
1.ڕێكخستنەوەی نێو ماڵی كورد لانی كەم لەناوچەی زۆنی سەوزدا.
2.نزیككردنەوە ویەكخستنەوەی گوتار و كرداری هەردوولا یەكێتی و گۆڕان.
3.ئیستۆپكردن بە پارتی و بەرزكردنەوەی كارتی سوور بەڕوویدا و وەستاندنی لە سەپاندنی هەژموون و دەسەڵاتی زیاتری خۆی.
4.ناوچەكانی پارێزگای سلێمانی لەدوای 7 ساڵ لە ململانێی توند و زبر لەگەڵ یەكتریدا تاڕادەیەكی باش ئارامی و هێوری بۆ گەڕایەوە و دووركەوتەوە لە درزتێبردنی زیاتر.
5. هاوسەنگی هێزەكانی لەكوردستان پیشان عێراق و ناوچەكە و دونیاش دایەوە كە ئەوە تەنها پارتی نیە لەكوردستان بڕیار بەدەست بێت و بەڵكو هێزی سیاسی كاریگەری تریش هەن.
بەم شێوەیە ئەم ڕێكەوتنە گرنگی و كاریگەری ئەرێنی زۆر و زەوەندی هەبوو بۆ هەردوو و بۆ ناوخۆی كوردستان و بۆ تەواوی جەماوەر و هێزە سیاسیەكانیش،و هەموان ئومێدی زۆریان لەسەر هەڵچنی و هەموانیش بە ڕاست یان ناڕاست دەستخۆشی و پیرۆزباین دەكرد جا هەبوو لەترسانا و هەبووش لە خۆشیاندا.
• ئەرێ‌ ئەم ڕێكەوتنە بە قازانجی كامیان بوو یەكێتی یان گۆڕان ؟
ئاشكرایە كە هەردوولا قازانجیان كردوە و لە جێبەجێنەكردنیشیدا هەردوولا و میلەتەكەشمان زیانی گەورەی بەركەوتوە..
• یەكێتی لەچیدا قازانجی كرد لەم ڕێكەوتنەدا؟
1. یەكێتی بەم ڕێكەوتنە و ئاشتبونەوەیە كێشەیەكی سیاسی و ئابوری و ئیداری لەناوچەكانی خۆیدا لەكۆڵبوەوە و تاڕادەیەك سەرئێشەی لێدووركەوتەوە.
2. ناوچەكە تاڕادەیەكی باش ئارام بوەوە و یەكێتی ئەوەند خەریك نەبوو بەناوخۆی خۆیەوە و پشتئەستوور بوو بۆ ڕووبەڕووبونەوەی جەنگی دژی داعش و تیرۆریستان و سنوری هەرێمی كوردستان لە باشوری كەركوك و گەرمیاندا.
3. ئەم ڕێكەوتنە هێزێكی گەورەی مەعنەوی و مادی دایەوە یەكێتی لەبەرامبەر پارتیدا و بوە هۆی گەڕانەوەی متمانەش بەهێز و توانا و جەماوەری خۆی لە كوردستان وعێراق و ناوچەكەشدا.
• لەبەرامبەریشدا گۆڕانیش سوود و قازانجی گەورەی كرد كە بریتی بوون لە:
1.گۆڕانی ڕزگاركرد لە پەراوێزخراوی و گۆشەگیركراوی دوای هەڵوەشاندنەوەی ڕێكەوتنەكەی لەگەڵ پارتیدا و پەكخستنی پەڕلەمان و دوورخستنەوەی وەزیر و فەرمانبەرە باڵاكانی لەدامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم لە هەولێردا.
2. گۆڕان بەم ڕێكەوتنە توانی بۆ یەكەم جار بە ئیستیحقاقی هەڵبژاردنەكان بەشداری بكات لە حكومەتە خۆجێییەكانی هەڵەبجە و سلێمانیدا گەر بە ناتەواویش بێت.
3. لە ئەنجانی بەشداریكردنی لەحكومەتە خۆجێییەكاندا توانی ژمارەیەكی باش لەكادر و هەڵسوڕاوانی جێگە بكاتەوە لەم ئیدارەیەدا و فشاری جەماوەر و بنكەی ڕێكخستنەكانی لەسەر سەركردایەتیەكەی تاڕادەیەك كەمبكاتەوە.
• لێرەدا پرسیار ئەوەیە ،بۆچی هەردوولا لە ماوەی ئەم ساڵەدا نەیانتوانیوە یان نەیانكردوە كە تەواوی ڕێكەوتنەكە لەسەر زەمینەی واقع جێبەجێبكەن؟هۆكارە دیار و نادیارەكان چین؟بۆچی جەماوەر و لایەنگرانی هەردوولا لەسەر زەمینەی واقع هەستیان بە كاریگەری و باشیەكانی ئەم ڕێكەوتنە نەكرد ؟ و ڕێكەوتنەكە نەبوە هۆی ڕەنگدانەوەیەكی باش بۆ سەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان؟
هۆكارەكان زۆرن لەوانە:
1.لەلایەك بەهۆی ململالانێ‌ ناوخۆییەكانی یەكێتیەوە و نەگەیشتنە یەك بڕیار و تاڕادەیەك نەمانی مەركەزیەتی حیزبی و ناوەندی بڕیاری یەكلاكەرەوە و دووكەرتبونی سەركردایەتی یەكێتی بەسەر دوو ئاڕاستەی جیاوازدا بۆ تەواوی دۆخی هەرێم و ئەم ڕێكەوتنەش.
2. لەناو گۆڕانیشدا بەهەمان شێوە جۆرە دابەشبوون و جیاوازی بیربۆچوون سەریان هەڵدابوو دەربارەی ڕێكەوتنەكە.
3. غیاب بوونی هەردوو سەركردە مام جەلال و كاك نەوشیروانیش لە كوردستان و گۆڕەپانی سیاسی و دووركەوتنەوەی سایە و سێبەر و هەژموونیان بەسەر سەركردایەتی هەردوولاوە.
4. هەوڵی لێبڕاوانەی پارتی بە ئاشكرا و بە نهێنی بۆ بنكۆڵكردن و پەكخستنی ئەم ڕێكەوتنە بەردەوام بوو لەڕێگەی دانوسان و فشار چونكە بەمەترسی بۆسەر خۆی دادەنا سەرەڕای پێدانی دڵنیایی لەهەردولاوە. و تاڕادەیەكیش سەركەوتوو بوو.
5. هەندێك هەوڵی ناوخۆیی لە ناو یەكێتی و گۆڕانیش هەبوون بۆ سەرنەگرتن و سەرنەخستنی ڕێكەوتنەكە سەرەڕای فشارە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكانیش.چونكە هەندێك كەس لە خراپی پەوەندی یەكێتی و گۆڕان سوودمەندبوون و وڵاتانی ناوچەكەش هەرگیز حەز بە تەبایی و ڕێكەوتنی كوردان ناكەن.
بەم شێوەیە ڕێكەوتنەكە تاكو ئێستا پەكخراوە و نەتوانراوە بە نیەتی پێشوەخت بێت یان لەبەر فشار و گوشار و گۆڕانكاریە خێراكانی ناوچەكە و عێراق بێت تەواوی بڕگە و مادەكانی كە لە 11 بەش و 25 مادە پێك هاتوە جێبەجێبكرێت و ببێتە مایەی ڕەزامەندی هەردوولا.
• پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە،ئەی لەدوای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر ڕێكەوتنەكەدا پێویستە هەردوولا چی بكەن؟ چۆن هەنگاو بنێن؟ بەنیازی چین بۆ ئایندە؟
سەرەتا ئەو ڕاستیە وەبیر دێنینەوە كە هەردوولا زۆر پێویستیان بەم ڕێكەوتنە بوو وە لە ئایندەشدا هەر پێویستیان پێیدەبێت،چونكە مەترسی و هەژمونەكانی ناوخۆی كوردستان((پارتی)) و عێراق و ناوچەكەش هەر وەكو خۆیان ماونەتەوە و بگرە مەترسیە دەرەكیەكان لەئێستادا زیاتر بوون لەدوای ڕیفراندۆمەكەی توركیا بەقازانجی ئەردۆگان و حیزبەكە و دەركەوتنی كۆتاییەكانی داعش و بەهێزبونەوەی عێراق و گۆڕانكاریەكانی نێوان هاوسەنگی هێزە گەورەكانی دونیاشدا لە سوریا و ناوچەكەدا. بۆیە گەر یەكێتی و گۆڕان وەك تاكتیك و تێپەڕاندنی ئەو قۆناغەی پێشوو ئەم ڕێكەوتنەیان واژۆكرد بێ‌ و بەنیاز نەبن بیكەنە ستراتیژ و پیادەشی بكەن ئەوا دەكەونە هەڵەیەكی سیاسی گەورەوە و ئەنجامەكەش بۆ هەردوولا بەخراپ دەشكێتەوە.بۆیە پێویستە كار بكەن بۆ:
1.گەرمگوڕكردنەوەی پەیوەندیەكان و بەردەوامی بدەن بە كۆبونەوە و دانیشتنەكانی سەركردایەتی هاوبەش لە پێناو جێبەجێكردنی تەواوی ڕێكەوتنەكە و چارەسەركردنی خراپ لێكتێگەیشتن و كێشە هەڵواسراوەكان.بۆئەوەی بارگرژی و تێكچوونی ئارامی ناوچەكەی لێنەكەوێتەوە.
2.دواتر و پێكەوە و بەهاوبەشی لەگەڵ پارتیدا دابنیشن و گفتوگۆیەكی بوێرانە و بێپەردە و دوور لەشەرم و دڵڕازیكردن و نەرمی نواندن پیادە بكەن بۆگەیشتن بەڕێكەوتنێكی سەرتاسەری .
3.پێدابگرن لەسەر كاراكردنەوەی پەڕلەمان و حكومەت وەك مەرجێكی پێشوەختە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم،چونكە بەبێ‌ بوونی یاسایەك لەپەڕلەمانەوە ئەو پڕۆسە گرنگەی ڕیفراندۆم یاسایی نابێت،كە پێویست دەكات بۆ دیاریكردنی چارەنوسی میلەتەكەمان هەموان پێكەوە تەباو لێكنزیك بن نەك دڕدۆنگ و دوور لەیەكتر بن.
4.گرنگە پێدابگرن بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم تەواوی ناوچە كوردساتانیە دابڕاوەكانیش بگرێتەوە و مادەی 140ی دەستوریش جێبەجێبكرێت.
5.هەوڵی جدی بدرێت بۆ پەسەندكردنی ڕەشنوسی دەستوری هەرێم و هەمواركردنەوەی بەند و مادەكانی.لەگەڵ پڕۆسەی ڕیفراندۆمدا پەسەندبكرێت.
6. هەنگاوە سەرەتاییەكانی لێكنزیكبونەوە جێبەجێبكەن وەك یەكگرتنەوەی فراكسیۆنەكان لە ئەنجومەنی پارێزگاكان و پەڕلەمانی كوردستان و عێراقدا.
7. كاری جدی بكەن بۆئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا پێكەوە و بە یەك لیست بەشداریبكەن و دەزگاكانی ڕاگەیاندنی هەردوولاش هاوهەڵوێست و هەمئاهەنگی زیاتر بكەن.
8. كاری جدیتر بكەن بۆ بوژاندنەوەی بواری ئابوری و بازاڕ و بازرگانی و باشتركردنی گوزەرانی خەڵكی و كۆكردنەوەی داهات و شەفافكردنی خەرجیەكان.
ڕاستە ئەم دواكەوتنەش كۆتایی ڕێگاكە نیە ،بەڵام هەموو دواكەوتنێكیش بۆ یەك و یەكگرتنەوە زیانی زیاترە.بەم شێوەیە دەكرێت لەماوەیەكی كورتدا تەواوی ڕێكەوتنەكە جێبەجێبكەن گەر نیەتی ڕاستگۆیانە هەبێت لەهەردوولاوە، بۆیە ئەركێكی گەورە كەوتۆتە ئەستۆی سەركردایەتی هەردوولا و گەر نەتوانن تا 1/6 كە یادی 42 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی و تا 25/7 یادی 8 ساڵەی ڕاگەیاندن و جیابونەوەی بزوتنەوەی گۆڕانە ئەوا بەڕاستی لە جێگەی متمانەی هەردوو سكرتێر و ڕێكخەری گشتیدا نین و جەماوەریش لەهیچكامیان ڕازی نابێت و ئۆباڵی بەردەوامبوونی ئەم دۆخە قەتیس و مەترسیدار و خراپەش دەكەوێتە ئەستۆی یەكێتی و گۆڕانەوە پێش پارتی .چونكە ئەوەی كە پێویست بوو بیكەن كەمتەرخەم و نەیانكردوە.بۆیە تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە بەشی هەرە زۆری دەكەوێتە ئەستۆی یەكێتی و گۆڕانەوە و ئەركیانە چیان پێدەكرێت لە كوردستان و عێراق و ناچەكەشدا بیكەن لە پێناو داهاتوی خۆشیان و میلەتەكەشماندا.

پـــەیـــوەنــدیــدار