هەڤاڵ مەلا بەختیار یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێی لەناو پێشمەرگەکانی سەنگەر بەسەر برد

هەڤاڵ مەلا بەختیار یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێی لەناو پێشمەرگەکانی سەنگەر بەسەر برد

” شانازیتان پێوە دەكەین، چونكە مانەوەی ئێمە پەیوەستە بەبوون‌و خۆڕاگری پێشمەرگەوە “

 

مەلا بەختیار، لەیەكەمین سەنگەرەكانی پێشەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لەباشوری كەركوك‌و دژی تیرۆریستانی داعش، پیرۆزبایی ساڵی نوێ لەفەرماندەو ئەفسەرو پێشمەرگەكانی میحوەری باشوری كەركوك دەكات‌و، ورە بەرزی، خۆڕاگریی‌و قارەمانێتییەكانی هێزی پێشمەرگە بەرزدەنرخێنێت‌و ئاسایش‌و ئارامی شاری كەركوك بەتایبەتی‌و شارەكانی تری هەرێمی كوردستان، بۆ سەنگەرە پۆڵاینەكانی پێشمەرگە دەگێڕێتەوەو، دەڵێت:   ئێستا ویژدانم ئاسودەترە، كە لەم جەژنی سەری ساڵەدا، لەسەنگەردا پێكەوەین، گفتوگۆ دەكەین‌و پێكەوە تیكەیەك نان دەخۆین.

وتیشی: سەردانەكەی ئێمە، سەردانی هەموو سەركردایەتییە، هاتنی هەڤاڵ كۆسرەتە، دڵنیاش بن ئەگەر جەنابی مام جەلال، تەندروستی باش بوایە، لەگەڵ ئێوە جەژنی دەگێڕا‌و ئێستاش هاتنەكەی من‌و هەڤاڵەكانم، واتای هاتنی هەموو هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسییەو ئەوانیش لێرەن.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 1 ی كانوونی دووەمی 2015،   بەمەبەستی پیرۆزبایی‌و دەستپێكردنی یەكەمین رۆژی ساڵی نوێ‌و هاوكات لەنزیكەوە ئاگاداربوون لەبارودۆخی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، بەیاوەری  د. خەسرەو گوڵ محەمەد، ئەندامی سەركردایەتی‌و عەبدولڕەزاق فەیلی، لێپرسراوی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتیی‌و وەستا رەسوڵ، لێپرسراوی میحوەری چواری باشوری كەركوك، سەنگەرەكانی پێشەوەی هێزی پێشمەرگی كوردستانی لەمیحوەری چواری باشوری كەركوك‌و لیواكانی (134، 106، 128، هێزی پشتیوانی دووی) بەسەركردەوە.

لەچوارچێوەی بەسەركردنەوەی سەنگەرەكاندا، وەستا رەسوڵ، لێپرسراوی میحوەری چواری باشوری كەركوك، رونكردنەوەو زانیاری پێویستی سەبارەت بەمیحوەرەكە خستەڕوو، تیایدا رۆڵی فەرماندەو لیواو هێزەكانی پێشمەرگەی بەبایەخەوە هەڵسەنگاند.

هاوكات، سوپاسی رۆڵی هێزی پشتیوانی دووی كرد، كە بەر لەشەهید بوون، لەلایەن شەهیدی فەرماندە (حسێن مەنسور)ـەوە فەرماندەیی دەكراو لەئێستاشدا (لیوا مەریوان) فەرماندەیی دەكات‌و، رایگەیاند: “ئەگەر هێزی پشتیوانی دوو لێرە نەبونایە، ئەستەم بوو ئەو سنورەمان پێ بپارێزرێت”.

وتیشی: شەرەفی گەورە بەر هەر (10) لیواكە دەكەوێت كە لەسنورەكەدایە، كە ئەوانیش لیواكانی دووی تایبەت، دووی سكرتاریەت، 106، 134، 114، راگەیاندن، دوكان، لیوای تایبەتە هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ، سكرتاریەتی یەك.

راشیگەیاند:   هەریەك لەلیواكان لەشوێن‌و جێگەی خۆیدا، رۆڵی گەورەی بینیوە، چونكە تائێستا (15) هێرشی گەورە بۆ گرتنی كەركوك كراوەو تێكشكێنراوە.

هاوكات، قۆناغەكانی بەرگریی‌و هێرشەكانی هێزی پێشمەرگەشی رونكردەوە، كە تیایدا (164) شەهید بەخشراوە.

وەستا رەسوڵ، وتی: مایەی سەربڵندییە، كە هەڤاڵ مەلا بەختیار، لەیەكەم رۆژی ساڵی نوێدا، سەنگەرەكان‌و هێزی پێشمەرگە لەمیحوەرەكە بەسەردەكاتەوە، چونكە هەڤاڵ مەلا بەختیار، لەپێشمەرگەكانی سەرەتای شۆڕشی نوێیە‌و هەمیشە پێشمەرگەشی لەلا خۆشەویست‌و بەهێز بووە.

لای خۆشییەوە، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، لەوتەیەكیدا، بۆ فەرماندەو ئەفسەرو پێشمەرگەكانی میحوەرەكە، كە هاوكات لەگەڵ پیرۆزبایكردن لەسەرجەم هێزی پێشمەرگە، وتی:    ئەمڕۆ 1/1 ی   ساڵی نوێ،  جەژنی مرۆڤایەتییە، جەژنێكە كە مرۆڤ ساڵێك بەهەموو خۆشی‌و ناخۆشیییەكانەوە بەڕێدەكات‌و دەرگا لەساڵێكی نوێ دەكاتەوە. ئێمەی نەتەوەی كوردیش، بەشێكین لەخێزانی گەورەی مرۆڤایەتی، لەخۆشی‌و ناخۆشیدا بەشدارین‌و لەدنیاشدا ئازارو ئازادی گەلان، هاوبەشە.

وتیشی:   ئەگەر گەلێگ، بەدەسەڵاتە سەپێنەرەكانی گەلێكی تر نەچەوسێنێتەوە، دەبێ هەستی وابێ، ئازارو ئازادی گەلان بەهاوبەش بزانێت. ئەگەر گەلێكیش دەسەڵاتی ستەمكاری هەبێ، كە بەدرێژایی مێژوو ستەمیان كردووە، بێگومان نە هەست بەئازاری گەلان دەكات‌و نەئازادی گەلانیش دەسەلمێنن.

دوپاتیشیكردەوە: ئێمەی گەلی كورد، هەم هەست بەئازاری گەلەكەی خۆمان‌و گەلەكانی تریش دەكەین، ئازادی گەلانی دنیاش هەموو بەیەك دەزانین.

لەدرێژەی وتارەكەیدا، مەلا بەختیار، رایگەیاند:   لەم جەژنی سەری ساڵەی كە گەلان، بەهەموو ئایین، مەزهەب، بیروباوەڕو فەلسەفەیەكەوە بەشداری تێدادەكەن، كوردیش بەشێكە لەو گەلانە.

راشیگەیاند:   دەشبینن، ساڵ بەساڵ كوردستان سەرانسەر، كەلتوری مەدەنی تێیدا بڵاودەبێتەوەو سەرەنجام خەڵك تێدەگات، ئەم خۆشییە، خۆشییەكە بۆ لێبوردەیی، نەك بۆ رق‌و كینە.

سەبارەت بەسەردانەكەشی ، لێپرسراوی دەستی كارگێڕی، لەگەڵ ئەوەی رۆڵی  وەستا رەسوڵی بەگرنگ لەسەنگەر‌و شەڕەكاندا، لەشۆڕش‌و دوای شۆڕشدا هەڵسەنگاند، وتی: جێگەی شانازییە بۆ كادرە سەربازییەكانی یەكێتیی، كە لەكاتی تەنگانەدا، ئەركی خۆمان رادەپەڕێنین.

رونیشیكردەوە: لەشۆڕشدا، جیاوازییەك لەنێوان دەسەڵاتی سیاسی‌و عەسكەریدا نەبووەو بەڕابەرایەتی هەڤاڵ مام جەلال‌و بەهاوكاری ئێمەومانان، ئەركەكانی نەخشەی عەسكەری‌و ستراتیجی سیاسیمان راپەڕاندووە.

مەلا بەختیار، وتی:  پێموانییە، هێشتا لەمەودای بینی یەكێتیدا، كورد لەنێوان (10 بۆ 15) ساڵی تر بتوانێت، پێویستی بەگیانی پێشمەرگایەتی‌و كادری پێشمەرگایەتی نەبێ. بەڵام یەكێتیی تێدەكۆشێ بۆ ئەوەی كۆلێجەكان، ئەفسەرەكان‌و كەرتە جیاوازەكانی سەربازی، بەرەو پیشەیی بڕۆن‌و سەرەنجام سوپایەكی پرۆفیشناڵ دروست بكەین.

لەلایەكی ترەوە لەگەڵ ئەوەی ئەم پرۆسەیەی بەمێژوویی زانی‌و بوونی هەیئەی ئەركانی لەكۆلێژی سەربازیدا بەگرنگ خوێندەوە، رایگەیاند: كاتێك دێتە سەر تەنگانە، میللەتەكەمان‌و كەلتوری عەسكەریمان وایە، كە بەرگری میللی‌و پێشمەرگانەو رێوشوێنە زانستییەكان، لەسەنگەرەكاندا تێكەڵاو دەبن. بەڵام هەر بەم هۆكارەشە، كە توانیومانە بیسەلمێنین، میللەتێكین، دەتوانین بەرامبەر بەدوژمنی جۆراوجۆر، بجەنگین.

راشیگەیاند: داگیركەر، یان هێزێكی سەلەفی كۆنەپەرست هیچ جیاوازییەكیان نییە، ئەگەر بیانەوێت ئەزمونەكەمان لێ تێكبدەت. بۆیە شۆڕش بەقەد ئەوەی بەرپاكردنی گرنگە، بەردەوامبوونیشی گرنگەو دوای سەركەوتنیش، پاراستنی گرنگە.

لەبەشێكی تری وتەكەیدا، بۆ فەرماندەو ئەفسەرو هێزەكانی پێشمەرگە، مەلا بەختیار، وتی:   ئەگەر بەو پڕوپاگەندانە بوایە كە لەسەر پێشمەرگە‌و لەسەر تەواوی دەسەڵاتی كوردستان دەكرا‌و پێشمەرگەیان بەمیلیشیا دەزانی. چەندان رۆژنامەو تەلەفزیۆن سەرقاڵی ئەو پڕوپاگەندانە بوون، بەڵام كاتێك كەوتینە تەنگانە، پێش هاتنی داعش‌و كاتێكیش داعش سەریهەڵدا، كوردستان دیسان كەوتە سەر هێڵی سوری ئەوەی یان تێكبدرێت، یان بپارێزرێت؟ كێ پاراستی؟ ئەوانە پاراستیان كە زۆرترین رەخنەیان دەگرت، یان ئەوانە پاراستیان كە زۆرترین رەخنەیان لێدەگیرا.

جەختیشیكردەوە: بێگومان ئەوانە كوردستانیان پاراست، كە زۆرترین رەخنەیان لێدەگیرا.

وتیشی: نهێنییەكەی لەوەدایە، كە ئەوەی زۆرترین رەخنەی لێدەگیرێت، وەك كورد دەڵێ: “داری بەرزەو بەردی تێدەگیرێت”.

راشیگەیاند:  ئەوەی كە رەخنە دەگرێت‌و ئیشی بەتەنها نوسینە، لێپرسراوێتییەكی حكومەتی‌و ئاسایش‌و بەرگری نییە، بەڵام یەكێتیی یەكێكە لەو هێزانەی لێپرسراوێتی هەیە، لەلایەك لەسەنگەرەكاندا خوێن دەڕێژێ‌و لەماڵەكانیان‌و پرسەكانیشیاندا فرمێسك بۆ شەهیدەكانی دەبارێنێ.

مەلا بەختیار، رایگەیاند: فەرماندەو ئەفسەرو هێزەكانی پێشمەرگە، ئێوە كە لێرەن مانایەكی مێژووی لەبونتاندا خۆی دەنوێنێ. چونكە ئێوە بۆ ئەوە لێرەنین، كە ئەركتانەو فەرمانتان پێدارەوە، یان موچە وەردەگرن! چونكە ئەگەر مەسەلەكە موچە بێ، ئەوا سێ مانگە موچەتان وەرنەگرتووە، بەڵام كوا كام سەنگەری هێزی پێشمەرگە چۆڵ كراوە، لەبەر ئەوەی موچە نەدراوە؟ بەپێچەوانەوە، پێشمەرگە نەك بۆ چركەیەك سەنگەرەكانی چۆڵ نەكردووە، بەڵكو لەبەرامبەر هەر هێرشێك كە كرابێ، بەر پەرچیداوەتەوە‌و تەنانەت هەر لەم ماوەیەی قەیران‌و تەنگ‌و چەڵەمەكاندا، رەخنەو ناڕەزایەتییەكاندا، بەشێكی بەرچاوی لەخاكی كوردستانی رزگار كردووە.

لەباسی سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەشدا،  مەلا بەختیار، وتی: دنیای سەنگەرەكانی پێشمەرگە، دنیایەكی ترە. دنیای وەفایە بۆ شەهیدەكان، دنیای خۆڕاگرییە، دنیای ئومێد‌و خەونی نەتەوەیی تێدا بەدیدەكەیت، ئەو خەونەی دوو سەد ساڵە، نەتەوەكەمان پێی مەستە.

راشیگەیاند: ئەم سەنگەرانە بۆئەوەیە، ئەگەر هەلێك هاتە پێشەوە، كە یەكێتیی بەوردی لێكیدەداتەوەو سەرپێی بڕیاری لەبارەوە نادات، لەدەرگای دەوڵەتان دەدەین، حساب بۆ وردو درشت دەكەین، لێكۆڵینەوە دەكەین‌و هەمەلایەنە دەیخوێنێتەوە، هەروەك چۆن دڵنیابووین لەساڵی (1991) دا فیدراڵ رابگەیەنین‌و بیبەینەسەر، بێگومان ئێستاش یەكێتیی‌و لایەنەكان، هەموو ئەو قسەو هەڵوێستانەی لەپێشی پەردەو لەپشتی پەردە دەكرێت، كاتی هاتووە شەن‌و كەوی وردی بكەین‌و نەیكەین بەبابەتی میدیاكان. شەن‌و كەوی ئەگەرەكان بكەین، شەن‌و كەوی بەڵینەكان بكەین. شەن‌و كەوی ئامادەیی دەوڵەتانی ناوچەكەو دەرەوەی ناوچەكە بكەین، ئایا دەتوانین هەنگاوی گەورەتر بنێین یان نا؟.

روونیشیكردەوە: وەكو یەكێتی، هەمیشە لەگەڵ ئەوەین ئامانجی گەورەتری نەتەوەیی بەدیبهێنین.

جەختیشیكردەوە:    بەڵام یەكێك لەكارە لەپێشینەییەكان بەلای یەكێتییەوە، ئەوەیە كە نێو ماڵی كورد رێكبخەینەوە. چونكە نێوماڵی كورد رێكنەخەینەوە، هیچ شتێكی ترمان پێناكرێت.

دوپاتیشیكردەوە:  یەكێتیی بە ئەركی خۆی دەزانێت، بەشێك بین لەچارەسەرو نەشبوین بە بەشێك لەهیچ كێشەیەك، نە لەعیراق، نە لەكوردستان، نە لەدەوڵەتانی هەرێمایەتی.

لەو روانگەیەشەوە، وتی:  یەكێتیی، بەدڵنیاییەوە بایەخی هاوسەنگەری‌و چارەنوسی پەیوەندییەكانی یەكێتیی‌و پارتی باش باش دەزانێ. بایەخی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان یەكێتیی‌و گۆڕان، لەم هەلومەرجەدا، بۆ ئەوەی خۆمان بۆ ئاییندەیەكی باشتر ئامادەبكەین، باش باش دەزانین. پەیوەندی ئێستای یەكێتیی لەگەڵ لایەنە ئیسلامییەكانیش، لەئاستێكدایە دەتوانین بۆ هەنگاوی باشتر، پشتی پێببەستین.

هاوكات بە ئاماژەكردنیش بۆ كۆی هەلومەرجی ناوچەكە، وتی:  هەلومەرجەكە پڕشنگی باشی بۆ نەتەوەكەمان تێدایە. لەسەر ئاستی دنیا، لەسەر ئاستی هەرێمایەتی‌و ناوچەكەش، چونكە بۆیەكەمینجارە زلهێزەكانی دنیا،  هەموویان بەئەجێندای جیاواز جیاوازەوە، پشتیوانی میللەتەكەمان دەكەن. ئەگەرچی جیاوازی ئەجێندەكان نیگەرانمان دەكات، بەڵام پشتیوانییەكە مایەی دڵخۆشییە.

وتیشی: ئەگەر ناو ماڵی خۆمان چارەسەر بكەین‌و ئامادەیی هێزە كوردستانییەكان، جەماوەرەكەمان‌و هێزی پێشمەرگە باشتر ساز بدەین، بەدڵناییەوە دەرفەتی باش دەقۆزینەوە. بەپێچەوانەشەوە، ئەگەر وا بمێنین، ئەركی گەورەترمان پێ راناپەڕێ. ئەگەر بەدرێژایی مێژوو سەردارو حزبە سیاسییەكان‌و شۆڕش‌و راپەڕینەكانی كورد تێكشكابن، بەڵام لەویژدانی كورددا، ئەو مێژووە كە پڕە لەتێكشكان، بەڵام لەویژدانی كورددا واماوەتەوە كە داگیركەران‌و دەوڵەتەكان بوون بەهۆی تێكشكان‌و سەردارو سەركردایەتی شۆڕش‌و راپەرینەكان لەویژداندا هەتا ئێستا رێزو خۆشەویستیان ماوە، بەڵام ئەمجارە جیاواز لەهەموو مێژووی میللەتەكەمان لەدوو سەد ساڵی رابردوو، لەو رۆژەی كە بۆ یەكەمینجار خەباتی نەتەوەیی میری رواندوز كردویەتی هەتا بەشۆڕشی ئەیلول دەگات، ئەگەر كورد توشی قۆرت‌و تێكشكانێك ببێت، یان دەرفەت بێتە پێشەوەو نەتوانێت بیقۆزێتەوە، ئەمجارە هۆكار دەوڵەتە گەورەكان نین، هەتا رادەیەكیش دەوڵەتە هەرێمایەتییەكان نین، بەڵكو بەشی زۆری ئەو ئۆباڵە لەئەستۆی سەركردایەتی كوردە. كە نەتوانێ هەلەكان بقۆزێتەوە. بۆیە یەكێتیی پەرۆشی ئەوەیە بەزوترین كات بتوانین  كێشە ناوخۆییەكانمان چارەسەر بكەین.

لەكۆتایی وتەكەشیدا، مەلا بەختیار، ئەوەی كە تەواوی سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە، لەجەلەولاو سەعدییەوە، هەتا دەگاتە شنگال دەیكات، سەركەوتنەكان جێگەی شانازین‌و بەخوێنی فەرماندەو پێشمەرگەكانمان تۆمار كراون.

راشیگەیاند: ئەم میحوەرە بوو بەكوشتارگای باشترین پێشمەرگەو فەرماندەكانمان.

وتیشی: ئێستاش، كە بەم جەژنی سەری ساڵ‌و یەكەم رۆژی ساڵی نوێیە، لەبەر باران‌و لەنێو قوڕو چڵپاودا، ئێوەی پێشمەرگە بەدرێژایی زیاتر لەهەزار كیلۆمەتر لەسەنگەردان، ئەمەیە وادەكات كە سەركردایەتی سیاسی كورد، بتوانێ بڕیاری سیاسی ‌و بەرنامەی سیاسی دابڕێژێت‌و گفتوگۆیەكی بەهێز، لەگەڵ دەوڵەتە گەورەكان، دەوڵەتانی هەرێمایەتی، دەوڵەتی عیراق‌و لەناوخۆشماندا بكەین.

دوپاتیشیكردەوە: گەلۆ، شانازییە بۆتان وەزیرەكانی دەرەوەی ئەڵمانیا، بەریتانیاو فەرەنسا دەڵێن: “پێشمەرگە، پارێزەری ئازادی جیهانە. ئێمەی پێشمەرگە، كە جاران پێماندەوترا تێكدەرو موخەریب، ماوەیەكیش میلیشیا، بەڵام ئێستا شوناسی پارێزەری ئازادی جیهان لەگیرفانتدایە، نەخێر لەویژدانتایە”.

مەلا بەختیار، وتیشی:  ئێستا ویژدانم ئاسودەترە، كە لەم جەژنی سەری ساڵەدا، لەسەنگەردا پێكەوەین، گفتوگۆ دەكەین‌و پێكەوە تیكەیەك نان دەخۆین.

راشیگەیاند:   سەردانەكەی ئێمە، سەردانی هەموو سەركردایەتییە، هاتنی هەڤاڵ كۆسرەتە، دڵنیاش بن ئەگەر جەنابی مام جەلال، تەندروستی باش بوایە، لەگەڵ ئێوە جەژنی دەگێڕا‌و ئێستاش هاتنەكەی من‌و هەڤاڵەكانم، واتای هاتنی هەموو هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسییەو ئەوانیش لێرەن.

لەلایەن خۆشییەوە، د. خەسرەو گوڵ محەمەد، ئەندامی سەركردایەتی، بەتەئكید كردنەوە لەقسەكانی مەلا بەختیار، سەردانەكەی لەیەكەم رۆژی سەر ساڵدا بەمایەی وەفاداریی‌و رێزگرتن لەهێزی پێشمەرگەی كوردستان ناوبرد.

راشیگەیاند: گەورەیی پێشمەرگەیە، وایكردووە نەك سنورەكانمان بۆ بپارێزێت، بەڵكو ئەو مەترسییەی لەسەر كەركوك‌و هەموو ناوچەكانی تر هەبوو، پێشمەرگەیە وایكردووە، ئەو مەترسییانە بڕەوێنەوە. هەروەك ئاسایش‌و ئارامی‌و دورختسنەوەی مەترسی لەسەر شارەكانیشی بەمایەی هیممەت‌و خۆراگری پێشمەرگە ناوبرد.

وتیشی: ئەوەی هێزی پێشمەرگە كردوویەتی، نەك بەتەنها بۆ هێزی پێشمەرگە، بەڵكو مایەی سەربەرزی گەلەكەمانە.

هەروەك عەبدولڕەزاق فەیلی، لێپرسراوی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتیی، بەوەفادارییەوە، لەلەخۆڕاگری هێزی پێشمەرگەی روانی‌و، وتی:  “ئێوەی هێزی پێشمەرگە، مایەی مانەوەی نەتەوەكەمانن بەسەربەرزی”.

وتیشی: “شانازیتان پێوە دەكەین، چونكە مانەوەی ئێمە پەیوەستە بەبوون‌و خۆڕاگری پێشمەرگەوە”.

پـــەیـــوەنــدیــدار

کـــۆمــێـنـت بــنــوســە