سوپای توركیا له‌ناو هه‌رێم بازگه‌ داده‌نێت

سوپای توركیا له‌ناو هه‌رێم بازگه‌ داده‌نێت

سوپای توركیا هێزه‌كانی له‌ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان زیاد ده‌كات و له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی بادینانیش بازگه‌ داده‌نێت و ناسنامه‌ له‌ هاوڵاتیان وه‌رده‌گرێت، به‌رپرسێكی یه‌كێتیش زانیاری له‌باره‌ی سه‌ربازگه‌و زیادبوونی ژماره‌ی سه‌ربازه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ناوچه‌ی بادینان ئاشكراده‌كات.

عه‌لی مسته‌فا، جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی دهۆكی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان، به‌ SNNی ڕاگه‌یاندوە:  له‌ساڵانی 2013 تاوه‌كو 2015 كه‌ پرۆسه‌ی ئاشتی له‌ئارادا بوو، توركه‌كان قه‌ره‌قۆل (سه‌ربازگه‌)ی نوێی گه‌وره‌یان له‌ گونده‌كانی سنوری هه‌رێم دروستكرد، له‌و شوێنانه‌شی سه‌ربازگه‌یان لێ نه‌بوو  هێزی زیاتریان كۆكرده‌وه‌.

وتیشی:” له‌سه‌ربازگه‌ی بامه‌ڕنێ كه‌ زیاتر له‌ 50 تانك و زرێپۆشیان تێدایه‌، له‌هه‌مانكاتدا ئه‌و سه‌ربازگه‌یه‌ شوێنێكه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانیان، له‌سه‌ربازگه‌ی (سیریه‌) و سه‌ربازگه‌كانی تریان له‌ناو ئامێدییش جموجۆڵه‌كانیان زیادی كردووه‌”.

به‌وته‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ی یه‌كێتی، له‌سه‌ربازگه‌ی باروخێ له‌ناوچه‌ی به‌رواری باڵا، پێشتر سه‌ربازانی توركیا خاڵی پشكنینیان داده‌ناو ناسنامه‌یان له‌هاوڵاتیان وه‌رده‌گرت، به‌ڵام ئێستا به‌هۆی ترسیان له‌هێرشی گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌، ناتوانن خاڵی پشكنین دابنێن.

عه‌لی مسته‌فا ئاشكراشیكرد: سه‌ربازگه‌ی باروخێ له‌ كانی ماسی زیاتر له‌ 1500 جه‌نده‌رمه‌و ئه‌فسه‌ری توركیای تێدایه‌، له‌م ماوه‌یه‌دا ژماره‌یان زیادی كردووه‌، هه‌ر له‌ڕێگه‌ی ئه‌و سه‌ربازگه‌یه‌وه‌، سه‌ربازه‌كان بۆ ناوچه‌كانی تری هه‌رێم ده‌گوازرێنه‌وه‌.

پـــەیـــوەنــدیــدار