راگەیاندراوی رۆژنامەوانی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی ی.ن.ك

راگەیاندراوی رۆژنامەوانی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی ی.ن.ك

سەر لە ئێوارەی  ڕۆژی (17/5/2017) بەسەرپەرشتی هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی، كۆبوونەوەی ئاسایی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سلێمانی بەرێوەچوو.

یەكەم: كۆبوونەوەكە تەرخانكرا بۆ چارەسەركردنی هەندێ‌ كێشە، كە رووبەرووی ناوخۆی یەكێتی بۆتەوە، سەرەنجام پرۆژەیەكی هەمەلایەنەی مەكتەبی رێكخستن بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكان لەسەر بنچینەی ژیاندنەوەی پرەنسیپەكانی حزبایەتی ‌و سزا و پاداشت، تاوتوێكراو بەگشتی پەسەندكرا. لەكۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی سەركردایەتی، كە رۆژی شەمە (20/5/2017) ئەنجام دەدرێت گفتوگۆی لەسەر دەكرێ‌ بۆ پەسەندكردن ‌و دواتریش لەگەڵ ئۆركانەكانی تریش تاوتوێ‌ دەكرێ‌ بۆ ئەوەی ببێتە پرۆژەی گشتگیری یەكێتی.

دووەم: سەبارەت بەو قسە و قسەلۆكە زیانبەخشانەی، كە لەماوەی رابووردودا هەندێك لە بەرپرسانی یەكێتی لە راگەیاندنەكانەوە كردوویانە، جێگری سكرتێری گشتی ‌و دەستەی كارگێر و هەڤاڵ هێرۆ راسپێردران ڕاستەوخۆ لێكۆلینەوەیان لەگەڵدا بكەن، بۆ ساغكردنەوەی تۆمەتەكانیان.

سێەم: سەبارەت بەهەندێ‌ تاوان‌ و بەرەلایی لەهەندێ‌ ناوچەی كوردستان ئەنجام دەدرێ‌، كە بووە بەهۆی نیگەرانكردنی خەڵك، بڕیاری پێویست درا بۆ هاوكاریكردنی حكومەت بۆ كۆتایی هێنان بەو كێشانە.

چوارەم: لەبارەی ئەو تۆمەتانەی هەندێ‌ پەرلەمانتاری كوردستان لەدەرەوەی وڵات‌و ناوەوەی وڵات هەڵیانبەستووە، بڕیاردرا نوسراوی رەسمی ئاراستەی حزبەكانیان بكرێ‌ بۆ روونكردنەوەی هەڵوێستەكانیان لەسەر ئەو تۆمەت‌و قسەلۆكانەو لە دادگاش كەیسەكە ساغ بكرێتەوە.

پێنجەم: وەڵامی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی نەخشەرێگای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گەیشتە مەكتەبی سیاسی‌و بڕیاردرا لەكۆبوونەوەی داهاتوی مەكتەبی سیاسی دا، گفتوگۆی لەبارەوە بكرێ ‌‌و هەڵبسەنگێندرێی.

راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی ی.ن.ك

پـــەیـــوەنــدیــدار