نوێترین زانیاری لەسەر کۆچی دوایی سەرکردە نەوشیروان مستەفا

نوێترین زانیاری لەسەر کۆچی دوایی سەرکردە نەوشیروان مستەفا

ئەمڕۆ نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکێتی کۆچی دوایی کردو پەرلەمانتارێکی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت کە ئەمڕۆ نانێژرێت.

عومەر عینایەت پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند ئەمڕۆ نەوشیروان مستەفا نانێژرێت و لە پزیشکی دادی تەرمەکەی هەڵدەگیرێت و دواتر دەنێژرێت.

هەر بە گوێرەی زانیارییەکان دوو بۆچوون هەیە لەسەر شێوازی ناشتنی نەوشیروان مستەفا، بۆچوونێک جەخت لە ناشتنی دەکاتەوە لە ناو گردی زەرگەتە کە مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەکەیە و بۆچوونێکی دیکەش ئەوەیە لە تەنیشت گۆڕی شوعلە عەلی هاوسەری لە گردی سەیوانی شاری سلێمانی بنێژرێت.

ئەمڕۆ شۆڕش حاجی وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند کاتژمێر هەشتی بەیانی ئەمڕۆ نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان لە ماڵەكەی خۆی لە سلێمانی كۆچی دوایی كرد.

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٤٤ لە گەڕەکی سەرشەقامی شاری سلێمانی لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٦٧ کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی بەغدای تەواو کردووە.

لە ساڵی ١٩٦٧ دا نەوشیروان مستەفا بووە بە ئەندامی لقی سلێمانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٥ دا و تا ساڵی ٢٠٠٦ لە ناو یەکێتیدا کاری کردووە و جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی بووە.

لە ٢٥ تەمووزی ٢٠٠٩ دا بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزراند و لیستەکەی ٢٥ کورسی خولی سێیەمی پەرلەمانی بەدەستهێنا و لە خولی چوارەمیشدا گۆڕان ٢٤ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٨١ هاوسەرگیری کردووە و دوو کوڕ و کچێکی هەیە بە ناوەکانی نما و چیا و چرا و چەندین کتێبی لە بواری مێژوویی و ڕۆژنامەگەریدا نوسیوە و زنجیرە کتێبێکیشی هەیە کە تایبەتە بە ژیانی سیاسی خۆی و ئەو ڕووداوانەی لە کاتی ئەنجامدانی کاری سیاسیدا ڕوویانداوە.

پـــەیـــوەنــدیــدار