مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی: یه‌كێتی خه‌می قوڵه‌و له‌م رۆژه‌دا خه‌مباره‌

مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی: یه‌كێتی خه‌می قوڵه‌و له‌م رۆژه‌دا خه‌مباره‌

راگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
به‌بۆنه‌ی كۆچی دوایی رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌

گه‌لی ئازادیخوازی كوردستان !
هه‌ڤاڵانی یه‌كێتی !
به‌داخ و په‌ژاره‌یه‌كی زۆره‌وه‌، ئه‌مرۆ سه‌عات (8)ی سه‌رله‌به‌یانی، به‌رێز نه‌وشیروان مسته‌فا، رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، دوای ته‌مه‌نێكی درێژ له‌خه‌بات و كۆڵنه‌دان و به‌رپرسیارێتی مێژوویی له‌ساڵانی په‌نجاكانه‌وه‌ هه‌تا ئه‌مرۆ، به‌هۆی نه‌خۆشیه‌وه‌، ژیان ئاوایی لێكردین.
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌كاتێكدا به‌خه‌مێكی قوڵه‌وه‌، له‌م رۆژه‌ خه‌مباره‌دا، به‌ناوی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌رجه‌م ئۆرگانه‌كان و پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كێتیه‌وه‌، كۆچی دوایی به‌رێز (نه‌وشیروان مسته‌فا)مان زانی و به‌م بۆنه‌یه‌وه‌، هاوخه‌می بۆ مناڵه‌كانی و كه‌سوكارو هاوڕێبازه‌كانی، له‌هه‌مان كاتدا، بۆ ته‌واوی ئه‌ندامانی یه‌كێتی و هێزی پێشمه‌رگه‌ و كه‌سوكاری شه‌هیدان و تێكرای گه‌له‌كه‌مان، ده‌رده‌برین، دوپاتیشی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌وا:
یه‌كێتی و گه‌له‌كه‌مان، له‌ هه‌لومه‌رجێكدا، به‌شكۆوه‌ كۆچی دوایی رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، بۆ دونیای نه‌مری به‌رێده‌كه‌ین،  ئاشكراشه‌  یه‌كێتی و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ساڵێكه‌ رێكه‌وتنی سیاسی دووقۆڵیمان هه‌یه‌. به‌ڵام، جێی داخه‌، هێشتا كۆده‌نگی نیشتمانیی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان، دوای هه‌وڵێكی بێوچان، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن یه‌كێتی-یه‌وه‌، نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌نجام، سه‌ره‌نجام، په‌رله‌مانیش كارا نه‌كراوه‌ته‌وه‌. ئێمه‌ وه‌كو یه‌كێتی له‌م كاته‌شدا رایده‌گه‌یه‌نین كه‌وا:
–    چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، له‌ناو  هێزه‌ سیاسیه‌كان، بۆ هه‌موو ئه‌گه‌ره‌ سیاسیه‌كان، زۆر به‌گرنگ ده‌زانین.
–    كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان، ئه‌ركێكی نیشتمانی و یاسایی، به‌ڵكو سیاسی چاره‌نوسازیشه‌.
–    رێكه‌وتنی یه‌كێتی و گۆڕان، هاوكات خه‌بات بۆ جێ به‌جێ كردنی نه‌خشه‌رێگای یه‌كێتی، گرنگیه‌كی مێژوویان بۆمان هه‌یه‌ و یه‌كێتی  بێ درێغ له‌پێناویاندا تێده‌كۆشین.
له‌كۆتایشدا ده‌ڵێن: سه‌ره‌رای جیاوازییه‌كانی نێوانمان، پێمان باشه‌ دواچاره‌سه‌ری نێوان یه‌كێتی و گۆڕان، هه‌روه‌كو چه‌ندین جار گوتومانه‌، به‌یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوولامان، مژدانه‌ی گه‌له‌كه‌مان بێ و به‌م یه‌كگرتنه‌وه‌یه‌ش، رۆحی كاك نه‌وشیروان وه‌كو هاوڕێ دێرینی جه‌نابی مام جه‌لال و تێكۆشه‌رێكی دامه‌زرێنه‌ری یه‌كێتی و رۆڵی مێژوویی له‌ خه‌باتی مێژوویی شۆڕشی نوێ دا، شاد و هه‌ستی هاوڕێیه‌تی و هاوخه‌باتی مام جه‌لال-یش ئاسوده‌ ده‌بێ، بێگومان ئه‌ندام و جه‌ماوه‌ری هه‌ردوولایه‌نیشمان ساز ده‌بن بۆ راپه‌راندنی باقی ئه‌ركه‌كانی دیموكراسی و كوردایه‌تی، له‌پێشه‌وه‌دا، ئه‌ركی ریفراندۆم و له‌ ئاكامیشدا سه‌ربه‌خۆیی كوردستانیش.
گیانی كاكه‌ (نه‌وه‌)، شاد بێ و ته‌مه‌نی بۆ مناڵه‌كانی درێژو ئامانجه‌كانی یه‌كریزی هێزه‌كانمان و رێكه‌وتنی نێوانیشمان، به‌دی بێن.

مه‌كته‌بی سیاسی
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان

پـــەیـــوەنــدیــدار