ئایندەی كوردستان و مەترسیەكانی دەوروبەری…

ئایندەی كوردستان و مەترسیەكانی دەوروبەری…

نەوزادی موهەندیس
Nawzad_mohandis@ yahoo.com
• كوردستان بە پێی هەڵكەوتە جیۆسیاسیەكەی لە ناو جەرگەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا،هەمیشە كوانووی خەبات و شۆڕش و بەرخۆدان بوە بۆ وەدەستهێنانی سەربەخۆی و ئازادی و پاراستنی بوون و مانی خۆی لەسەر زەوی و خاكی باوباپیرانیدا. كورد و كوردستان بەهۆی داگیر و دابەشكردنیەوە بەسەر چوار وڵاتی سەردەستی ناوچەكە لە توركیا و ئێران و عێراق و سوریادا هەمیشە لەبەر مەترسی و هەڕەشەی لەناوچووندا بوە، بۆیە هەمیشە كورد لە سەنگەری بەرگریكاری و مقاوەمەتی ڕەوادا بوە بۆ پاراستنی خۆی و چەسپاندنی جوگرافیا و مێژوەكەی.
كورد هیچ كات بەهێندەی ئێستا لەبەر مەترسی و هەڕەشەی لەناوچونی زیاتردا نەبوە ،چونكە تەواوی ناوچەكە بۆخۆی لەبەردەم لێكهەڵوەشاندنەوە و ڕێكخستنەوە و ڕیزبەندیەكی نوێدایە كە هەڕەشەن بۆ سەر هەمووان بە تورك و فارس و عەرەبیشەوە و كوردیش لەو نێوەندەدا بەر هەڕەشە و مەترسیەكان دەكەوێتەوە.
دۆخی كورد لە هەموان خراپترە چونكە خاوەنی وڵاتی سەربەخۆ و سیادە و سەروەری نیە و سنوری جوگرافیایەكی دانپیادانراویی نێودەوڵەتیشی نیە هەربۆیە خاكی كوردان وەك ماڵێكی بێ‌ دەرگاو پەنجەرە وایە و هەموان بە ئاسانی و بێ‌ پرسی خاوەن ماڵ خۆی پیادە دەكەن و تەراتێنی سیاسی و ململانێكانیانی تیادا تاودەدەن لەسەر حسابی كورد و خاكەكەی و بۆیە هەمیشە كورد سووتماك و سووتەمەنی بەردەوامی بێ‌ ئەرزشی ئەو ململانێ‌ ناڕەواییە ناوچەیی و نێودەوڵەتیانە بوە و هەمیشە بۆتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ئەو جۆرە ململانێیانە.
• دۆخی كورد هەرچەندە هەندێك هیوا و ئومێد سەوزبوون و چەكەرەیان كردوە بۆ وەدەستهێنانی هەندێك دەسكەوت لەپای ئەو قوربانی و مقاوەمەت و گیانفیداییە زۆرو زەوەندانەی كە پێشكەشی كردوە نەك بەخۆی بەڵكو بەتەواوی ناوچەكە و دونیاش لە دژایەتیكردنی هێزە تیرۆر و تیرۆریستەكان و كورد و شەڕڤانان و هێزی پێشمەرگەكەی بونەتە سیمبولی ئازادی و مقاوەمەت لە ڕۆژئاوا و باشوور و خەباتگێرێكی سەرسەختی ئازادی و دیموكراسیش لە باكور و لە ڕۆژهەڵاتیش خەباتیان بەردەوامە هەرچەندە وەك بەشەكانی تری كوردستان گەرم و گوڕ و چالاك نین، بەم شێوەیە دەكرێت كورد لە دۆخە ئاڵۆز و تێكچڕژاوەكەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا و لەم ڕێكخستنەوە و داڕشتنەوەی سنورەكاندا دەسكەوتێكی بۆ وەستبهێنرێت، بەڵام دەسكەوتی گەورەش نا ،وەك ئەوەی كە هەموو تاكێكی كورد خەونی پێوە دەبینێت لە پێكەوەنان و دامەزراندنی دەوڵەتێكی گەورەی كوردستانی سەربەخۆ لەناو جەرگەی ڕۆژهەڵاتی ناوینداكە پانتاییەكەی نزیكەی 600 هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشە و ژمارەی دانیشتوانەكەی نزیكەی 50 ملیۆن كەس و دەوڵەمەندە بەهەردوو سەرچاوەی وزەی نەوت و غازی سروشتی. بۆیە دروستبوونی ئەم دەوڵەتە بەم شێوە گەورە و پانوپۆڕ و بەهێز و دەوڵەمەندیەوە بۆخۆی دەبێتە مەترسی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەكە و بەرژەوەندی زلهێزەكانیش لە ئایندەدا، هەربۆیە بەندە هیچ كات لەو بڕوایەدا نیم كەلەسایەی سیستەمی ئێستای جیهان و بە جیهانبوونی دونیادا كە بۆخۆی لە بنەمادا لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی وڵاتە گەورەكانن بۆ وڵاتانی بچوكی بێهێز لەڕووی سیاسی و ئابوری و سەربازی و دانیشتوانیشەوە، بۆیە دەكرێت لانی كەم كوردستانی گەورە تەنها 4 وڵاتی بچوكی لێدروستبكرێت وەك ئەم بەشانەی ئێستای و لە داهاتووشدا لە پلاتفۆڕمێكی فیدڕاڵی یان كۆنفیدڕاڵیدا پێكەوە كاربكەن وەك نمونەی وڵاتانی عەرەبی ئێستا.چونكە زلهێزەكان ئەزمونی تاڵیان لەگەڵ وڵاتانی بەهێزی ناوچەكە هەبوە كەچۆن هەڵگەڕاونەتەوە دژ بە بەرژەوەندیەكانیان لە ئێرانی سەردەمی شا و ئێستای ئیسلامیەكان و توركیای ئەردۆگان و …هتد. بۆیە دەوڵەتی گەورەی كوردستانی سەربەخۆ بەم فۆڕمەی كە كورد دەیەوێت دەبێتە مەترسی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەكە و هەریەكە لە توركیا و ئێران و عێراق و سوریا زۆر بچوك دەبنەوە و وڵاتانی زلهێزیش بۆ ئایندە لەم هێزە گەورەیە ترسیان لێدەنیشێت.بۆیە هەق وایە كوردیش بۆ ڕەواندنەوەی هەموو ئەو مەترسیانە خەبات لەسەر ئاستی ئەم پارچانەی ئیًستا بكات و بتوانێت جۆرە دەسەڵات و حوكمڕانیەك پێكبهێنێت و ببێتە دیفاكتۆ و جێگەی ڕەزامەندی هەموان و پەسەندكردنی نێودەوڵەتیش وەك هەنگاوێكی تاكتیكی و قۆناغەكەی پێتێبپەڕێندرێت.
• بۆچی ئەم هەموو مەترسیە لەسەر ئایندەی كورد هەیە؟
كورد بۆخۆی تائێستا ماڵێكی توندتۆڵ و پتە وی دانەمەزراندوە و تائێستا ئەوەی كەهەیە لەم بەشەی باشووردا تەنها هەرێمێكی بچوكە لەناو چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵدا، ئەم هەرێمەش بەداخەوە لەبەر ململانێ‌ سیاسی و حیزبیەكانی نێوان پارت و سەركردەكان بۆتە قوربانی و هێز و پێزی لەبەر بڕاوە، تازە بەتازەی و دوای 26 ساڵ لە ڕاپەڕین و دامەزراندنی دامودەزگا شەرعیەكان لە پەڕلەمان و حكومەت و دادوەری و ئەوانی تر. لەپێناو بەرژەوەندی حیزبی تەسك و قۆرخكاری و پاوانخوازی حیزب و سەركردەیەكدا هەموو ئەو دەزگا شەرعی و هەڵبژێردراوانە لەكاردەخرێن و پەك دەخرێن و پەراوێزدەخرێن، لەولاشەوە دروشمی ڕیفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆیان بەرزكردۆتەوە، ئەم هەنگاوە دووفاقیە زۆر پێچەوانەی یەكترن،لەوەدا كە دەویسترێت مافێكی ڕەواو یاسایی میلەتێك بەدەستبهێنرێت بەڵام بەبێ‌ ڕەزامەنی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی جەماوەر كە پەڕلەمانەو بەبێ‌ یاسایەكی دیاریكراو. یان دەویسترێت دەوڵەتی سەربەخۆ ڕابگەیەنرێت بەڵام ئەوەی هەتە لە دامودەزگا شەرعیەكان و ژێرخانی حوكمڕانی لەكاری بخەیت.ئەمە چ جۆرە دروشم و نیشتیمانپەروەری و نەتەوەیی خوازیەكە،یان تەنها وەك دروشم و كارتی فشار بەرزكراوەتەوە بۆ هەندێك دەسكەوتی ناوخۆیی و حیزبی و هەڵبژاردن.
هەق وایە كورد و سەركردەكانی زۆر بەباشی لە مەترسیەكانی ناوچەكە و دونیاش بۆ سەر كورد و كوردستان تێبگەن و خۆیان خەریك نەكەن بەهەندێك كیشە و ململانێی ناڕەوای ناوخۆییەوە،هەق وایە چیتر واز لە خۆخۆری بێنن و ڕووبكەنە یەكڕیزی و بەیەك و یەكگرتووی خیتاب و كردارەوە كاربكەن بۆ مقاوەت و پلاندانان بۆ خۆپارێز و ڕزگاركردن لەم دۆخە قەتیس و پڕ لە مەترسیەی سەر هەموان. كورد لەكەشتیەكی كونداری ناو دەریایەكی پڕ شەپۆڵی هەڵچوی مەترسیداردایە بەبێ‌ بونی كاپتنێكی بە ئەزموون و شارەزا و خەمخۆر.
ئەوەتا توركیای ئەردۆگانی ئیمپراتۆرخواز بەهەموو لایەكدا پەلەقاژە دەكات بۆ دژایەتی كورد و تەناتەت خۆشی سووك كردوە لەبەردەم ئەمریكا و ڕوسیادا و هەڵپەی هەڵوەشاندنەوەی هاوكاری و یارمەتیەكانیانە بۆ كورد،ئەوەتا تائێستا ڕژێمی بەعسی سوری بەو هەموو لاوازیەوە هێشتا دژایەتی كورد و مافەكانی دەكات، ئەوەتا عێراقی شیعە مەزهەبی لاواز و بێدەسەڵات بەحەشدی شەعبیەوە هەڕەشە لەئێستا و ئایندەی ئەم بەشە دەكات،ئەوە هەر باسی ئێرانی ئیسلامی ناكرێت كە چۆن لەسەرخۆ و بەبێدەنگی كوردی تاساندوە.
بۆیە كورد دەبێت زۆر بەئاگا بێت لەم پێشهات و ڕوداوانەی دەوروبەرە و بەدیقەتبێت و كاری جدیش بكات بۆ خۆپاراستن و بتوانێت گەر دەسكەوتی گەورەشی دەستنەكەوێت ئەوەی هەشێتی لەدەستی نەدات. هەق وایە حسابێكی ووردتر بكات بۆ گۆڕانكاریەكان و ئالنگاریەكانی دەوروبەری خۆی لەپێناو دابینكردن و مسۆگەركردنی ئایندەیەكی گەشتردا بۆ كورد و كوردستان.

پـــەیـــوەنــدیــدار