پارێزگاری سلێمانی بەتوندی ڕەخنە لە حکومەت دەگرێت

پارێزگاری سلێمانی بەتوندی ڕەخنە لە حکومەت دەگرێت

پارێزگاری سلێمانی راده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌گه‌ر بێ مووچه‌یی نه‌مانڕۆخێنێت، بێ كاره‌بایی ده‌مانڕۆخێنێت.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 3-1-2016 د.ئاسۆ فه‌ریدوون پارێزگاری سلێمانی پاش كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خاوه‌ن به‌نزینخانه‌ ئه‌هلییه‌كان له‌كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا هه‌وڵه‌كانی بۆ چاره‌سه‌ركردنی بێ كاره‌بایی و بێ ئاویی خسته‌ڕوو.

پارێزگاری سلێمانی راشیگه‌یاند: به‌غدا نه‌وتی سپی ده‌نێرێت و ده‌ست به‌داشكردنی ده‌كرێت و تا ئێستا  نه‌وت بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و په‌روه‌رده‌ دابین كراوه‌.

د. ئاسۆ وتیشی: هه‌رێمی كوردستان له‌ قه‌یرانێكی قورسی ئابووریدایه‌ و ده‌بێت حكومه‌ت حه‌وت وه‌زاره‌تی هه‌بێت و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات.

 وتیشی: ئه‌گه‌ر حكومه‌ت چاره‌سه‌ری بێ كاره‌بایی و بێ ئاویی نه‌كات له‌ هاوێنی ئه‌مساڵدا سلێمانی بێ ئاو ده‌بێت.

پارێزگاری سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌ ده‌ستی كه‌رتی تایبه‌ت دایه‌ و ده‌بێت ئاو و كاره‌با بدرێته‌ ده‌ست كه‌رتی تایبه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی لامه‌ركه‌زی ده‌توانێت چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئاو و كاره‌با بكات.

وتیشی: ئه‌گه‌ر بێ مووچه‌یی نه‌مانڕۆخێنێت، بێ كاره‌بایی ده‌مانڕۆخێنێت، له‌باره‌ی حكومه‌تی هه‌رێمیشه‌وه‌ وتی: حكومه‌تی هه‌رێم كه‌مته‌ر خه‌مه‌ و به‌ ده‌نگ پارێزگاكانه‌وه‌ نایه‌ت و تا ئێستا سه‌دان نووسراومان بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ناردووه‌، به‌ڵام وه‌ڵام نادانه‌وه‌.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ ئایا غه‌در له‌سلێمانی ده‌كرێت وتی: سلێمانی زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ خه‌ڵك غه‌دری لێبكات.

له‌باره‌ی نرخی به‌نزینه‌وه‌ پارێزگاری سلێمانی راشیگه‌یاند: نرخی به‌نزین به‌ره‌و دابه‌زین ده‌چێت و ده‌گاته‌ 500 دینار بۆ هه‌ر لیترێك.

پـــەیـــوەنــدیــدار

کـــۆمــێـنـت بــنــوســە