له‌به‌ر پیاهه‌ڵدان به‌ هیتله‌ر  ئه‌ردۆغان که‌وته‌ به‌رشاڵاوی ڕه‌خنه‌ی میدیای ئه‌ڵمانی

له‌به‌ر پیاهه‌ڵدان به‌ هیتله‌ر ئه‌ردۆغان که‌وته‌ به‌رشاڵاوی ڕه‌خنه‌ی میدیای ئه‌ڵمانی

له‌به‌ر پیاهه‌ڵدان به‌ هیتله‌ر ئه‌ردۆغان که‌وته‌ به‌رشاڵاوی ڕه‌خنه‌ی میدیای ئه‌ڵمانی

ئه‌ڵمانیا، بورهان ئه‌مین

له‌کاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌سه‌فه‌ری ووڵاتی شانشینی عه‌ره‌بی سعوودی ” ڕه‌جه‌ن ته‌یب ئه‌ردۆغان”ی سه‌رۆکی تورکیا له‌ وه‌ڵامی پرسیاری ڕۆژنامه‌نوسێکدا له‌پرسی گۆڕینی ده‌ستورو سیسته‌می سه‌رۆکایه‌تی تورکیادا ستایشی هیتله‌رو سیسته‌مه‌که‌ی ئه‌وسای ئه‌ڵمانیای کرد که‌ سه‌رکه‌وتوبوه‌، ئه‌م لێدوانه‌ بوه‌ جێی سه‌رنج وڕه‌خنه‌ی زۆرێک له‌که‌ناڵه‌ میدیاییه‌کانی ئه‌ڵمانیاو له‌و نێوه‌نده‌دا قسه‌ی زۆریان له‌سه‌رکردوه‌، به‌تایبه‌تیش زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌ڵمانی ومیدیاو نێوه‌نده‌سیاسیه‌که‌ی نه‌فره‌ت له‌و سیسته‌مه‌ده‌که‌ن وهیتله‌ر به‌ دیکتاتۆرترین سه‌رۆکی ئه‌وسای ووڵات داده‌نێن و ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش به‌ڕۆژانی ڕه‌ش وشوومی ئه‌وسا ناوی ده‌به‌ن.

ڕۆژنامه‌ی دی ڤێلت نوسیویه‌تی له‌ساڵی 1933 ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌ڵمانیا ده‌سه‌ڵاته‌ یاسایی وده‌ستوریه‌کانی خۆی دا به هیتله‌رو به‌و پێیه‌وه‌ بۆی هه‌بوو ده‌ستور پشت گوێ بخات وزۆریشی کرد،دوای ساڵێک له‌وه‌ هیتله‌ر توانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ له‌ ڕیفراندۆمێک وه‌ده‌ست بینێت وئیدی ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی هه‌موو شتێکی وه‌رگرت،” ئه‌ردۆگان” ی سه‌رۆکی تورکیا ئه‌و ڕووداوه‌ مێژووییه‌ی به‌ نمونه‌یه‌کی باش هێناوه‌ته‌وه‌ بۆسه‌لماندنی سه‌رکه‌وتوویی سیسته‌می سه‌رۆکایه‌تی له‌ تورکیادا،هه‌ر دوای ئه‌و لێدوانه‌ش ئۆفێسی سه‌رۆکایه‌تی ڕونکردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی داوه‌ که‌ مه‌به‌ستی پیاهه‌ڵدان به‌و هیتله‌رو سیسته‌مه‌که‌ی نه‌بوه‌و لێدوانه‌که‌ی له‌ میدیا به‌جۆرێکی تر لێک دراوه‌ته‌وه‌.

ستایشی هیتله‌ری کرد

له‌ڤێپسایتی گۆڤاری فۆکۆسدا هاتوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌ پارتی دادو گه‌شه‌پیدان زۆرینه‌ی کو‌رسیه‌کانی په‌رله‌مانی به‌ده‌ستهێناوه‌ به‌ڵام پارته‌ به‌رهه‌ڵستکاره‌ تورکیه‌کان له‌دژی گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌هان بۆ سه‌رۆک وله‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ی سیسته‌می په‌رله‌مانیدان ،ئه‌ردۆغان بۆ قه‌ناعه‌ت پێهێنانی نه‌یاره‌کانی ودرستکردنی ڕای گشتی له‌سه‌ر وه‌رگرتنی زۆرینه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ووڵاته‌که‌ نموونه‌ی سه‌رکه‌وتنی ئه‌و سیسته‌مه‌ی له‌ ئه‌مریکاو فه‌ره‌نساو ڕوسیای هێناوه‌ته‌وه‌،ئه‌و ستایشی هیتله‌رو ده‌سه‌ڵات و کاره‌کانی ده‌کاو به‌ نموونه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتوو له‌مێژوودا وه‌سفیان ده‌کات، ئه‌ردۆغان‌ یه‌که‌مین جاری نیه‌ له‌ناوه‌نده‌کاندا به‌هۆی ئه‌و لێدوانانه‌ی تووشی ڕه‌خنه‌ ده‌بێته‌وه‌و ده‌بێته‌ مانشێتی ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌کان.

شپیگل ئۆنلاینه‌ له‌ڕاپۆرتێکیدا له‌ژێر ناوی ” له‌پرسی سه‌رۆکایه‌تی تورکیادا ،ئه‌ردۆغان هیتله‌ر به‌نموونهی باش‌ ده‌هێنێته‌وه‌” ده‌ڵێ ..به‌هۆی هه‌موارکردنه‌وه‌ی ده‌ستوری ووڵات ئه‌ردۆغان ده‌یه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی زۆرتر وه‌ربگرێ و ئه‌وهچه‌ندین جاره‌ هه‌وڵی له‌وجۆره‌ی داوه‌و تیایدا سه‌رکه‌وتونه‌بوه‌،ئه‌مجاره‌ به‌ ستایشکردنی ڕژێمه‌که‌ی هیتله‌ری نازی ئه‌وسای ئه‌ڵمانیا ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌ نیشان بدات‌ که‌ هیتله‌ر کاراو سه‌رکه‌وتوو بوه‌و ده‌ڵی، ئه‌گه‌ر سه‌رۆکێکی وه‌ک ئه‌ڵمانیای ئه‌وکاته‌و ئه‌مریکاتان بوێ ،ده‌بێت سیسته‌می ووڵات بگۆڕن بۆ سه‌رۆکایه‌تی، به‌مجۆره‌ ده‌یه‌وێت له‌وڕێیه‌وه‌ ووڵات به‌ره‌و سیسته‌مێکی دیکتاتۆری ببات.

تسایت ئۆنلاینه‌ش وێرای ڕوماڵی هه‌واڵه‌که‌و به‌مانشێتی سه‌ره‌کی به‌ناوی ” ئه‌ردۆغان له‌ سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی ووڵاتدا ستایشی نازیه‌ت ده‌کات” تیایدا ده‌ڵی ئه‌ردۆغان به‌ گۆڕینی ده‌ستوری ووڵاته‌که‌ ده‌یه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی زۆر بۆخۆی به‌ده‌ست بێنێ وزۆرینه‌ی لێدوانه‌کانیشی له‌وه‌ کۆده‌بێته‌وه‌ که‌ به‌دوای ده‌سه‌ڵاتی زیاترو کارێزمابووندا ده‌گه‌ڕێ ، ئه‌مه‌ش له‌دوالێدوانی ڕۆژنامه‌وانیدا ده‌رکه‌وت که‌ به‌ ئاشکرا به‌شان وباڵی هیتله‌رو ڕژێمه‌که‌ی ده‌کاو به‌سه‌رکوتوو وێنایان ده‌کات.

ده‌رفه‌تی ئاشتی نه‌هیشتۆته‌وه‌

ماڵپه‌ری ته‌له‌فزیۆنیNTV  ده‌ڵێ ،ئه‌م لێدوانانه‌ی ئه‌ردۆغان پاساوی گۆڕینی سیسته‌می په‌رله‌مانیه‌ بۆ سه‌رۆکایه‌تی وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵاتی زۆره‌ بۆخۆی،به‌مه‌ ده‌یه‌وێت گوایه‌ سیسته‌مێکی وه‌ک ئه‌مریکاو فه‌ره‌نساو ڕوسیا له‌ ووڵات بنیات بنێت،له‌ ووتاره‌که‌شیدا به‌بۆنه‌ی سه‌ری ساڵی تازه‌وه‌ په‌یمانی ئه‌وه‌ی داوه‌ که‌ له‌شه‌ڕی چه‌کداره‌کانی په‌که‌که‌دا به‌رده‌وام بێ و تاکۆتایی هێنانیان هه‌موو ڕێگایه‌ک بگرێته‌به‌ر، به‌مه‌ش هیچ ده‌روازه‌یه‌کی ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی دانوستان وپرۆسه‌ی ئاشتی نه‌هێشتۆته‌وه و بگره‌ له‌شه‌وی سه‌ری ساڵی تازه‌شدا شه‌ڕوپێکدادان درێژه‌ی هه‌بوه‌.

ڕۆژنامه‌ی سود دۆیچه‌ زایتۆنگ نوسیویه‌تی به‌ هه‌وڵی گۆڕینی سیسته‌می ووڵات بۆ سه‌رۆکایه‌تی سه‌رۆکی تورکیا ده‌یه‌وێت پێگه‌ی خۆی قایم بکات ،ئه‌م هه‌وڵه‌ی سه‌رۆک له‌لایه‌ن پارته‌ به‌رهه‌ڵستکاره‌کانه‌وه‌ ڕه‌ت کراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وان  ده‌یانه‌وێت سیسته‌می ووڵات په‌رله‌مانی بێت ،ئه‌ردۆغان لێدوانی ئه‌وه‌ی داوه‌ که‌ هیتله‌رو سیسته‌مه‌که‌ی نموونه‌ی باشی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وسای ئه‌ڵمانیاو ئێستای ئه‌مریکاو فه‌ره‌نسان،دوای ئه‌وه‌ی له‌ میدیا زۆری له‌سه‌ر نوسرا نوسینگه‌ی سه‌رۆک له‌ ڕاگه‌یاندراوێکدا بڵاوی کرده‌وه‌ که‌ ووته‌کانی ئه‌ردۆغان به‌هه‌ڵه‌ شێکراوه‌ته‌وه‌.

ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های ده‌وی

Deutschlandfunk له‌ هه‌واڵێکی کورتدا باسی ئه‌وه‌ی کردوه‌ که‌ ئه‌ردۆغان له‌به‌رده‌م ڕۆژنامه‌نوسان لێدوانێکی له‌م جۆره‌ی داوه‌و هیتله‌ری به‌ سه‌رکه‌وتوو ناوبردوه‌،ئه‌مه‌ش بۆیه‌ جێی باس وخواسی میدیاو قسه‌ی زۆری له‌سه‌رکراوه‌.

به‌شی ئه‌ڵمانی ماڵپه‌ڕی دۆیچه‌ ڤێلله‌ له‌ڕاپۆرتێکیدا نوسویه‌تی ماوه‌یه‌کی زۆره‌ ئه‌ردۆغان وپارته‌که‌ی خه‌ریکی به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی ته‌واوان بۆ گۆڕینی سیسته‌می ووڵات له‌ په‌رله‌مانیه‌وه‌ بۆ سه‌رۆکایه‌تی وبۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ماوه‌یه‌که‌ خه‌ریکی گفتوگۆ ودانوستان کردن له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ی پارته‌سیاسیه‌کانی ناوتورکیاو ئێستا بۆیان ده‌رکه‌وتوه‌ که‌ زۆرینه‌ی پارته‌ به‌رهه‌ڵستکاره‌کان له‌دژی ئه‌وه‌ن ،ئه‌م لێدوانه‌شی له‌چوارچیوه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌یدا دێت به‌ وه‌ده‌ستهینانی زۆرینه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های حوکم له‌م تورکیادا‌.

پـــەیـــوەنــدیــدار

کـــۆمــێـنـت بــنــوســە