ئەرێ‌ شەمەندۆفێرەكەی  دەوڵەتی كوردی ڕاوەستاوە یان لە پێشڕەویدایە؟

ئەرێ‌ شەمەندۆفێرەكەی دەوڵەتی كوردی ڕاوەستاوە یان لە پێشڕەویدایە؟

نەوزادی موهەندیس
Nawzad_mohandis@ yahoo.com
• بەپێی حەتمیەتی مێژوویی هەردەبێت دەوڵەتی كوردی سەربەخۆ دابمەزرێت و ڕابگەیەنرێت،جا ئیدی ماوەتەوە سەر زەمین و زەمانی گونجاو بۆ ئەو كارە، ئەو كارەو ئەو دروشم و ئامانجە پیرۆزەش كار و گوتاری جدی و گەرموگوڕی گەرەكە نەك دروشمبازی لە پێناو دەسكەوتی حیزبی و خۆییدا، كاری بنیاتنان و پێكەوەنان و دامەزراندنی دەوڵەتێكی گەورەی سەربەخۆ وەكو كوردستانی گەورە یان لانی كەم وەك بەشێك لە بەشەكان لە باشور بێت یان ڕۆژئاوا یان باكور و ڕۆژهەڵات بێت كارێكی هێندە ئاسان و ساكار نیە ، بەڵكو كوردستانی گەورەش بۆخۆی دەبێتە مەترسیەك بۆ سەر دەرودراسێكان و بەرژەوەندی گەورە زلهێزەكانیش چونكە لەڕووی جیۆپۆلەتیك و دەوڵەمەندی بەسەرچاوە سروشتیەكان لە(( ئاوی شیرین و نەوت و غازی سروشتی)) و زۆری ژمارە دانیشتوان ((50 ملیۆن كەس )) و پانوپۆڕی جوگرافیاكەشیەوە (( 600 هەوار كیلۆمەتر چوارگۆشە)) لەم ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پڕ خێرو بێر و بەرژەوەندیەكاندا كارێكی ئاسان نابێت،بەڵكو ڕێگاكە پڕە لە لە دڕكوداڵ و مین و بۆسەنانەوە لەلایەن دەوڵەتانی سەردەستی ناوچەكە لە توركیا و ئێران و عێراق و سوریادا و لەدەرەوەی ئەوانیش وڵاتانی سونە مەزهەبی وەكو میسر و سعودیە و قەتەر و ..هتد. و دواتریش ڕەنگە هەندێك لە گەورە زلهێزەكانی دونیاش ئەم كارەیان پێخۆش نەبێت و لانی كەم هانی كورد نەدەن بۆ ئەو هەنگاوە.
• بەربەست و ڕێگریەكان زۆرن و كەم نین،بەڵام خۆ ناشكرێت ئاوات و ئامانج و خەونی 50 ملیۆن كورد زیندە بەچاڵ بكرێت و قاچ و دەست بەسراوانە و دەستەوئەژنۆ دابنیشین و هیچ هەنگاو و پەرچە كردارێكمان نەبێت دژی ئەو هەموو پیلان و ئاڵنگاریانەی لەدەورەوبەرمان ڕوودەدەن و هەن.ئاشكرایە ڕێڕەو و ئاڕاستە و شەمەندۆفێری گۆِرانكاریەكان لەم ناوچەیەدا بەردەوام لە پێشڕەویدایە و ناكرێت و نابێت مێژوو بەتەنها زوڵم هەر لەكورد بكات و ئەم شەمەندۆفێرە بەگەڕكەوتوە هەر لەكوردستاندا هیچ وێسگەیەكی ڕاوەستان و پشوودانی نەبێت. ئێمەی كورد گەر تائێستا وەك نەفەرێكی سادەی ناو ئەم شەمەندۆفێرە بەڕێكەوتبین و بەناچاری گەلێك هەوراز و نشێومان بەڕێكردبێت،ئیدی پێم وایە كاتی ئەوە هاتوە دەنگی خۆمان بەبەرزی و بەربەرچاوی هەموانەوە بەرزبكەینەوەو داوایەكی بوێرانە بكەین بۆ ڕاوەستان و دابەزینمان لەسەر وڵاتی سەربەخۆی خۆمان لەم شەمەندۆفێرە بەڕێكەتوەدا.
• كورد لە ئێستادا بۆتە سیمبوڵی قوربانیدان و مقاوەمەتی دژ بە تیرۆریستان و هەر لەم پێناوەشدا بە هەزاران لە ڕۆڵەكانی خۆی بەخشیوە و قارەمانێتیەكی بێوێنەی نواندوە لەبەردەم هەموو دونیای دیموكراسی و دیكتاتۆریەتدا و ئەوان ئێستا پشتیوانیەكی زۆر گەرم لەمەسەلەی كورد و داوا ڕەواكانی دەكەن و لەكۆڕو كۆبونەوە نێودەوڵەتی و عەرەبی و ئیسلامیەكاندا بەگەورەیی باسی كورد دەكەن، كورد پێشوازی گەرم و فەرشی سووری بۆ ڕادەخرێت لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەكە و ئەوروپا و دونیاشدا، كورد بەهۆی دەوڵەمەندی و زۆر و زەوەندی سەرمایە و سەرچاوەكانی وزەی نەوت و غازی سروشتیەوە بۆتە قیبلەنمای وڵاتان و كۆمپانیا ئابوریە زەبەلاحەكانی نەوت و غاز و كێبڕكێ‌ دەكەن لەسەر وەبەرهێنان و كڕین و گەشەپێدانی ئەم وڵاتە.هەموو ئەم هەنگاو و پێشوازی و بەگەرمی مامەڵەكردنە گەر نیوەشی ڕاستبێت ئەوا ئاماژەیەكی گرنگە بۆ ئایندەیەكەی گەش بۆ كوردستان و هەنگاونان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی و ڕێگە خرشكردنیشە بۆ پشتیوانی زیاتر و دانپیادانانی. مەحاڵە ئەم هەموو گرنگیپێدانە بە كوردستان چ لە ڕۆژئاوابێت یان باشوور لە خۆڕا هاتبێت و ئەم هەموو سەرۆك و وڵاتانە بەگەورەو بچوكەوە بەبێ‌ پلان و بەبێ‌ حساب كردن بۆ ئایندە پشتیوانی لە كورد بكەن،ڕاستە ئەوانیش بەرژەوەندی خۆیان هەیە و بەئاسانیش دەست لە دۆست و هاوپەیمانە دێرینەكانیان بەرنادەن ،بەڵام ڕاستیەكی حاشا هەڵنەگریشە كە هاوكێشەو هاوسەنگی ڕووداو وپێشهات و گۆڕانكاری و هێزەكانیش لەگەڵ سەردەم و قۆناغەكاندا دەگۆڕێن و پلان و بیرۆكە و دۆست و یاریكەری نوێش پەیدا دەبن و جێگۆڕكێكردنیش پێیان كارێكی مەحاڵ نیە. بۆیە دەشێت كورد لەم گەمە سیاسی و ئابوری و سەربازیەی ناوچەكەدا جێگە بەهەندێك لە یاریزانە دێرینەكان چۆڵ بكات و خۆی ببێتە جێگرەوەیان گەر یاریزانێكی باش بێت و لە یاسا و ڕێساكانی یاریكە باش تێبگات.
• بۆیە پرسیار لێرەدا ئەوەیە ،ئەرێ‌ شەمەندۆفێری دەوڵەتی كوردی بەكوێ‌ گەیشتوە؟ ڕاوەستاوە ؟یانیش بەردەوامەو لەپێشڕەویدایە؟ دەكرێت كورد ببێتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی؟ یان هەروا بێ دەوڵەت و بێ‌ خاوەن دەمێنێتەوە؟ كاری جدی و لەپێشینە چیە بۆ دامەزراندنی ئەم دەوڵەتە و ؟ دەتوانرێت چی بكرێت؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە ،كورت و كرمانج بەڵی دەوڵەتی كوردی بەڕێوەیە و شەمەندۆفێرەكەی لەجوڵەی بەردەوامدایە و زۆر نزیكیشە كوردستان ببێتە وێسگەیەكی هەمیشەیی و خەونی 50 ملیۆن كورد بێتەدی و كوردیش وەكو هەموو گەلانی تری ناوچەكە و دونیا ببێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی، دەوڵەتی كوردی خەونی هەموانە و ئامانجی هەموو سەركردە و حیزبێكی كوردی بوە لە 100 ساڵی ڕابووردوی خەباتی كوردایەتیدا، بۆیە هەوڵدان بۆ ئەم دەوڵەتە كاری هەموان و پشتگیری هەموانیشی گەرەكە،بۆیە كاری پێكەوەنان و پلانداڕشتن بۆ ئەم هەنگاوە زۆر پیرۆزە پێویستی بەهەمئاهەنگی و كاری پێكەوەیی و لێكتێگەیشتن و خەمخۆری هەموانی دەوێت،و بەبێ‌ ئەم كاری هاوبەشیە لەنێوان سەركردە و پارتەسیاسیەكان و جەماوەری گەلەكەماندا مەحاڵە بە تەنها سەركردە و حیزبێك چێ‌ ببێت!! هەربۆیە پێویستە كە هێواش هێواش و لەسەرخۆ و بەبیركردنەوەی قوڵ و بەرنامەی واقعی و بەخوێندنەوەی هاوكێشە و گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە و دونیا و بە حسابكردن بۆ بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوری و سەربازیەكانی وڵاتان و كۆمپانیاكان كاری ڕاست و بوێرانە بكرێت بەو ئاڕاستەیە، كاری یاسایی و ئاشتیانە دوور لە توندتیژی و شەڕ و جەنگی خوێناوی،ئامانجمان پێكەوەنانی دەوڵەتێكی یاساییە هەربۆیە دەبێت هەنگاوەكانیشمان یاسایی بن،بۆیە ئەوەی كە ئامانجمانە دەوڵەتی سەربەخۆیە نەك (( شێخ نشێنێك یان ئیمارەتێكی دواكەوتوی كۆنەپارێزی بچوك بەوێنەی وڵاتانی كەنداو))كە ئەم دەوڵەتە كوردیەش پێویستی بەدامودەزگای شەرعی و پتەو و دامەزراوەیی هەیە،هەربۆیە پێویست دەكات كە ئەوەی هەمانە لەم بەشەی كوردستاندا لە باشوور بەهێزی بكەین نەك پەكیان بخەین و لەناویان بەرین،ئەم ئامانج و هەنگاوە كاری گەورە و لێبڕانی تەواوی دەوێت بۆیە دەبێت سەرەتا نێوماڵی كورد ڕێكبخرێتەوە و دڕدۆنگی و ناتەبایی و لێكترازانەكان چارەسەر بكرێن،دامودەزگا شەرعیەكان لە پەڕلەمان و حكومەت كارا بكرێنەوە،متمانەی جەماوەر بەم دەسەڵات و حوكمڕانیە پتەوبكرێتەوە،سەروەت و سامانی نیشتیمان بخرێتە خزمەت گەشە و پێشكەوتن و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیانەوە،هێزی پێشمەرگە و پۆلیس و چەكدار ببنە هێزێكی نیشتیمانی و یاسا سەروەر بێت و یەكسانی و ئازادیی و دیموكراسیش ببنە دروشمی ڕاستەقینە و ڕێز لەماف و ئەركی هاوڵاتیانیش بگیرێت.
• لە كۆتاییدا نابێت دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی بۆ موزایەدە و وەكو دروشمێكی بێناوەڕۆك ئیعلان بكرێت و تەنها بۆ دەسكەوتی حیزبی و بۆ چەواشەكردنی ڕا و شەقامی ناوخۆیی بێت،گەر بەو نیازە كار دەكرێت ئەوا نەك دەوڵەتمان بۆ دانامەزرێت بەڵكو دەبینە ئاردی ناو دڕك و بۆ 100 ساڵی ئایندەش خەونەكانمان بە زڕی و نەزۆكی دەمێننەوەو شەمەندۆفێرەكەش تێدەپەڕێت و ئیدی چاەوڕوانی و بێئومیدیش دادمان نادات.

پـــەیـــوەنــدیــدار