بـــەپــەلــە
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هەڵوێستی یەكێتی بۆ چارەسەری كێشەكان رووندەكاتەوە

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هەڵوێستی یەكێتی بۆ چارەسەری كێشەكان رووندەكاتەوە

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەگەڵ وەفدێكی ئیتاڵیا كۆبۆوە و هەڵوێستی یەكێتیشی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و كاراكردنەوەی دەزگا شەرعییەكان روونكردەوە.
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی ی.ن.ك لە سلێمانی پێشوازیكرد لە وەفدێكی ئیتاڵیا، كەپێكهاتبوون لە ژمارەیەك سیناتۆر و ئەندام پەرلەمان و كونسوڵی گشتی ئەو وڵاتە لە هەرێمی كوردستان،‌ لە دیدارێكدا بارودۆخی سیاسیی و ئابووریی و پرسی ڕیفراندۆم لە كوردستان، پەیوەندی سیاسی و ئەكادیمی نێوان هەرێم و ئیتاڵیا تاوتوێكرا.
لەو دیدارەدا كە هەر یەك لە باڵیۆز د.محەمەد سابیر و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لێپرسراوی ناوەندی دەرەوەی رێكخستنەكانی ی.ن.ك ئامادەیبوون، رۆبێرتۆ كۆچانیچی سیناتۆری ئیتاڵی و سەرۆكی وەفدەكە زانیاری لەبارەی ئامانجی سەردانەكەیان بۆ كوردستان خستەڕوو و هاوكات پشتیوانی تەواوی وڵاتەكەشی بۆ هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە و ستایشی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ خۆڕاگری و بەرگریكردن لە بنەماكانی مرۆڤایەتی و پاراستنی هەموو پێكهاتەكان لە هەڕەشەی تیرۆر و جێكردنەوەی ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەران.
پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان یەكێكی تربوو لە تەوەرەكانی دیدارەكە و لەبارەی چۆنیەتی هەنگاوەكانی ئەنجامدانی پرۆسەكە بیروڕا ئاڵوگۆڕكرا،هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دووپاتیكردەوە: سەربەخۆیی مافێكی رەوا و دیموكراتییانەی گەلی كوردستانە و لەوپێناوەشدا یەكێتی لە خەباتی سیاسی و دیموكراسی و ئاشتییانەی بەردەوام دەبێت، لەلایەن خۆیانەوە، وەفدەكەی ئیتاڵیا بەخستنەڕووی تێبینیەكانیان لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم بەپێویستیانزانی بۆ یەكلایكردنەوەی كێشەكان تەنها بیر لە شێوازە دیموكراسییەكان بكرێتەوە.
هەر لە دیدارەكەدا، وەفدەكەی ئیتاڵیا پەرۆشیی وڵاتەكەیان دووپاتكردەوە بۆ هەنگاونان بەرەو پتەوكردنی پەیوەندیی بنیاتنەر لەگەڵ هەرێمی كوردستان و ئاشكرایانكرد: لە چوارچێوەی هاریكارییە مرۆیی و زانستییەكانیاندا كاردەكەن بۆ ئەوەی كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی زانستی لە سێكتەری پزیشكیدا لە سلێمانی رێكبخەن.
لای خۆیەوە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، لەگەڵ سوپاسگوزاریی بۆ حكومەتی ئیتاڵیا لەپای هاریكاریی و یارمەتییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان، بەپێویستیزانی ئیتاڵیا هاریكاری هەرێم بكات بۆ پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵ بۆ ئەوەی ببێتە كەرتێكی وەبەرهێن و سەرچاوەیەكی بەهێزی ئابووری لەناوخۆدا.
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد،ئاماژەی بەوەشدا: یەكێتی مەبەستێتی كێشە سیاسی و یاساییەكانی ناوخۆ بە دیالۆگ چارەسەر بكرێت، لەپێناو كاراكردنەوەی دەزگا شەرعییەكان و دەستەبەركردنی یەكڕیزی نێوان لایەنەكان.

پـــەیـــوەنــدیــدار