گۆڕان و یه‌كێتی: كاندیدی سه‌ربه‌خۆ یان هاوبه‌شمان ده‌بێت

گۆڕان و یه‌كێتی: كاندیدی سه‌ربه‌خۆ یان هاوبه‌شمان ده‌بێت

پارتی تا ئێستا خۆی یه‌كلا نه‌كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ مه‌سعود بارزانی بۆ جارێكی تر خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم كاندید ده‌كاته‌وه‌ یان نا، هه‌رچه‌نده‌ ڕێگریی یاسایی هه‌یه‌ كه‌ به‌ وته‌ی ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تیی ئه‌و حزبه‌ پێویسته‌ ڕێگاچاره‌ی یاسایی بۆ بدۆزرێته‌وه‌ و هه‌ریه‌ك له‌ گۆڕان و یه‌كێتییش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن؛ یان كاندیدی سه‌ربه‌خۆیان ده‌بێت بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌، یان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تردا له‌سه‌ر كاندیدی هاوبه‌ش ڕێك ده‌كه‌ون.

ڕۆژی 6-11-2017 دواواده‌ی ته‌مه‌نی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مانی كوردستانه‌ و بڕیاره‌ هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی له‌ هه‌مان مانگدا ئه‌نجام بدرێن، ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ له‌ مانگی 8ی ساڵی 2015وه‌ ویلایه‌تی مه‌سعود بارزانی له‌ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمدا كۆتایی هاتووه‌.

سه‌لام عه‌بدوڵڵا، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی ده‌ڵێت: پێویسته‌ كاك مه‌سعود خۆی كاندید بكاته‌وه‌ ‌و ئه‌گه‌ر به‌ كۆی ده‌نگ داوای بكه‌ین به‌ چاكی ده‌زانم‌ و له‌ ڕووی یاساییه‌وه‌ مه‌جلیسی شوورا ‌و شاره‌زای یاسایی ده‌توانن مادده‌یه‌كی بۆ بدۆزنه‌وه‌ جارێكی تر خۆی كاندید بكاته‌وه‌، به‌ڵام نازانم خۆی ده‌یكات یان نا.

هاوكات سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس له‌ سه‌ركردایه‌تیی پارتی كه‌ نه‌یویست ناوی بڵاو بكرێته‌وه‌ ده‌ڵێت: تا ئێستا نازانین كه‌ بارزانی جارێكی تر خۆی كاندید ده‌كاته‌وه‌ یان نا، به‌ڵام له‌ چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ی ناوخۆی حزبدا باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم كاندید ناكاته‌وه‌.

پێشتر یه‌كێتیی‌، گۆڕان‌، كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو هه‌وڵی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمیان دا بۆ ئه‌وه‌ی سیستمه‌كه‌ بكرێته‌ په‌رله‌مانی‌ و سه‌رۆك له‌ناو په‌رله‌ماندا هه‌ڵبژێردرێت، به‌ڵام پارتی له‌ دژی بوو.

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی ده‌ڵێت: یه‌كێتی یه‌كێك له‌م دوو ڕێگایه‌ هه‌ڵده‌بژێرێت؛ یان كاندیدی ده‌بێت بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، یان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تردا كاندیدی هاوبه‌شمان ده‌بێت‌ و جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی لێمان قبووڵ ناكات ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا كاندیدمان نه‌بێت.

هاوكات به‌هار مه‌حمود جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت: یان كاندیمان ده‌بێت بۆ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم، یان كاندیدی هاوبه‌شمان له‌گه‌ڵ لایه‌نی تردا ده‌بێت.

ئه‌گه‌رێك له‌ به‌رده‌م لایه‌نه‌كاندا بۆ پرسی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم ئه‌وه‌یه،‌ كه‌ ئه‌و چوار لایه‌نه‌ی پڕۆژه‌یان هه‌بوو بۆ هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی، پێكه‌وه‌ كاندیدیان هه‌بێت.

مه‌ڕوان گه‌ڵاڵی سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ  ده‌ڵێت: ئه‌و چوار لایه‌نه‌ جه‌ختیان له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ سیستم په‌رله‌مانی بێت‌ و سه‌رۆك له‌ناو په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێت، بۆیه‌ وا باشه‌ ئه‌و چوار لایه‌نه‌ ڕێك بكه‌ون له‌سه‌ر كاندیدێك بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانیش په‌رت نه‌بن.

پـــەیـــوەنــدیــدار