كورد  لەناوجەرگەی گۆڕانكاریەكان و لەبەردەم ئاڵنگاریە مەترسیدارەكاندا..

كورد لەناوجەرگەی گۆڕانكاریەكان و لەبەردەم ئاڵنگاریە مەترسیدارەكاندا..

نەوزادی موهەندیس
Nawzad_mohandis@yahoo.com
• لەم قۆناغەی ئێستادا كە ناوچەكە بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی پێیدا ڕاگوزەر دەكات، لەهەرە مەترسیدارترین قۆناغە لەماوەی 100 ساڵی ڕابووردوودا،چونكە هەمان دۆخی 100 ساڵی ڕابووردوو بەخۆوە دەبینیت لە دابەشكردنەوەی نەخشەی ناوچەكە و داگیركردنەوەی بە شێوازێكی نوێ‌ و ڕووخاندن و هەڵتەكاندنی هەندێك دەوڵەت و دروستبوون و پێكەوەنانی هەندێكی تر. ڕێك ئەم كەشوهەوایە هەمان كەشوهەوای سەرووبەندی كۆتایی جەنگی جیهانی یەكەم و ڕێكەوتنامەی سایكس _بیكۆی نێوان زلهێزەكانە. ئەوكات ئیمپراتۆریەتی عوسمانی هۆكار بوو،لە ئێستادا كێشەی سوریا و عێراق و كورد و بوونی مەترسیەكانی تیرۆر و تیرۆریستان((داعش و هاوشێوەكانی )) و توركیا و ئێران هۆكارن بۆ ئەو پڕۆسە گرنگ و هەستیارە لەم ناوچە گرنگەی دونیادا، ئەوكات بەریتانیا و فەڕەنسا بڕیار بەدەستی یەكەم و كۆتا بوون ئێستا ئەمریكا و ڕووسیا بڕیاردەرن.
• كورد لەهەر دۆخێكی هاوشێوەدا ،دەسكەوتی بەركەوتوە بەڵام بەداخەوە لەلایەك پشت تێكردنی زلهێز و هاوپەیمانەكان لێی و لەلایەكیش كێشە و ململانێ‌ ناوخۆیەكان و هەڵنەسەنگاندنی وورد و تێنەگەیشتن و نەبوونی ڕوئیایەكی ڕاست و دروست بۆ گۆڕانكاریەكان و ئاڵنگاریەكانی دەوروبەر هیچ كات نەبۆتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ و هەموو دەسكەوتەكانیشیان لەدەستداوە، ئەوەتا لە كۆتایی جەنگی یەكەمدا كورد توانی ببێتە خاوەنی بڕیاری كۆنگرەی ئاشتی ساڵی 1920 لە سیڤرە لە فەڕەنسا بۆ پێكەوەنانی قەوارەیەكی كوردی،بەڵام هەرزوو دوای 3ساڵ خەونەكانی بەبادا دران، دواتر لەكۆتایی جەنگی جیهانی دووەمدا توانرا لە كوردستانی ڕۆژهەڵات كۆمارێكی ساوای 11 مانگی پێكەوەبنرێت بەڵام ئەویش هەرزوو زیندە بەچاڵكرا. بەداخیشەوە كۆتایی شۆڕشی 12 ساڵ و 4 مانگەی ئەیلولیش لەئەنجامی گەمەی نێودەوڵەتی و بێتوانایی سەركردایەتی ئەوكاتی كورد ئەنجام نسكۆ و شكستخواردن بوو، ئەوەی كە جێگەی دڵخۆشیە و درێژترین ماوە و تەمەنی هەیە لەحوكمڕانی كوردیدا بریتیە لەم ئەزمونەی باشووری كوردستان كە ماوەی 26 ساڵە بەردەوامە و توانراوە ببێتە خاوەنی جومگە و ئۆرگانە سەرەكیەكانی حوكمڕانی و گەشە و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیان دابینبكرێت و بتوانرێت ببێتە جێگەی ئومێدی هەموو كوردانیش.
• بەڵام ئەم ئەزموونەش لە ئێستادا كەوتۆتە بەر مەترسی ناوخۆیی و ناوچەكە و دونیاش و ڕووبەڕووی گەلێك ئاڵنگاری گەورە و مەترسیدار بۆتەوە، كە پێكەوە هەموانیان دەتوانن ببنە هۆكار بۆ لەناوچوون و نابوتكردنی وەك ئەزمونەكانی ڕابووردوومان، گەر زوو بەزوو نەكەوینە خۆمان بۆ پاراستن و پارێزگاریكردن لەم دەسەڵات و حوكمڕانیە.
• خۆشبەختانە لەئێستادا ئەستێرەی بەختی كوردان لەدرەوشانەوەدایە و بەبەراوورد بە 100 ساڵی ڕابووردوو زۆر گەشەو برەوی سەندوە و لەسەر ئاستی ناوچەكە و نێودەوڵەتیش ناسراوتر و خاوەنی پشتیوانی و هاوكار و هاوپەیمانانی بەهێزیشە،بەڵام هەموو ئەمانە نابنە فریادڕەسی مەسەلەكەمان، چونكە بەرەی ناوخۆی لەنێو ماڵی كورد خۆیدا شەپڕیوە و پەرت و لێكترازاوە،جا هەر كات بەرەی ناوخۆی هەر كۆمەڵگایەك توندوتۆڵ و یەك و یەكگرتوو نەبوو ئەوا بەدڵنیایی هۆكارە دەرەكیەكان كاریگەری ئەوتۆیان نابێت،چونكە هۆكارە دەرەكیەكان بنچینەیی نین بەڵكو تەنها یارمەتیدەرن.
• ئەوەی جێگەی دڵخۆشیە ئەوەیە كە هەرچەندە دۆخی سیاسی و ئابوری و سەربازی كورد خراپە،لەبەرامبەریشدا دۆخی دەوڵەتانی سەردەستی ناوچەكەش لە توركیا و ئێران و عێراق رو سوریا و سعودبە و …هتد زۆر خراپترن،چونكە گەر ئەوان باش و پتەو و یەكو یەكگرتووبونایە ئەوا كورد بەتەنها دەبوە پۆڕی خوراو و هەموانیان پێكەوە ئەم ئەزمونەی گەلەكەمانیان تێكوپێكدەدا. ئەوانیش هەموانیان كێشەگەلێكی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی قورس و سەخت و ئاڵۆزیان هەیە لەناوخۆی خۆیاندا و لەنێوان خۆشیاندا و لەگەڵ زلهێزەكانیشدا،هەربۆیە ئێمەی كورد چەند گیرۆدە بوین ئەوانیش دەهێندە.
• بەڵام ئەوەی كە دۆخی كوردی سەخت و ئاڵۆزتر كردوە ئەوەیە كە كورد نەبۆتە خاوەنی كیان و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی و خاوەنی سیادە و سەروەری و سنوری نێودەوڵەتی خۆی نیە،هەربۆیە دۆخی لاواز و زۆر ناسكە و مامەڵەی سیاسی و ئابوری و سەربازی سەربەخۆی لەگەڵدا ناكرێت.
• لەئێستادا دروشمی قۆناغی خەباتی كوردایەتی لەم بەشەی باشووردا بۆتە ((چێكردنی ڕیفراندۆم)) بۆ یەكلایكردنەوەی ڕای زۆرینەی جەماوەر لەسەر چارەنوسی خۆی،بەرەو سەربەخۆیی یانیش مانەوە لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵدا، بەداخەوە ئەم هنەگاوە هێندەی بۆتە پەرتكردنی زیاتری ڕیزەكان نەبۆتە هۆی كۆكردنەوە و پتەوكردنی بەرەی ناوخۆیمان،هەربۆیەش مەترسیەكان و ئاڵنگاریەكان گەورەترو مەترسیدارتربوون لەسەر ئایندەمان.چونكە ئەوەی هەست پێدەكرێت چێكردنی ڕیفراندۆم بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی نیە لەم بەشەدا بەڵكو وەك كارتێكی فشار دەبێت لەبەرامبەر بەغداد و دراوسێكاندا،كەئەمەش بۆخۆی كارێكی عەقڵانی و لۆژیكیانە نیە بەڵكو هێندەی تر ڕق و دەمارگیری دوژمنانی ناوچەكە بەرامبەرمان زیاد دەكات و فشار و گوشار و گەمارۆ سیاسی و ئابوری و سەربازیەكانیان لەسەرمان زیاتر و توندتر دەبێت.
• ئێمەی كورد 100 ساڵە خەبات دەكەین لە پێناو دەوڵەتی سەربەخۆیدا بەمەبەستی پێكەوەنانی قەوارەیەكی سەربەخۆی خاوەن سەروەری و سنوری جوگرافی و سیستەمێكی حوكمڕانی دیموكراسی كە ئازادیەكان و سەروەربونی یاسا و چەسپاندنی عەدالەت و نەهێشتنی گەندەڵی و حكومتەێكی خاكی و میللی تیادا پیادە بكرێت كە ئەمە ئامانجی یەكەم و سەرەتای هەموو دەوڵەتێكی سەربەخۆیە، بەڵام تێگەیشتن و مامەڵەی سەركردایەتی ئەم قۆناغەی ئێستای كوردایەتی پێچەوانەی ئەو بنەمایانە هەڵسەوكەوت دەكەن و لە ماوەی ئەم 26 ساڵەی حوكمڕانیدا نەیانتوانیوە بنەماكانی دەوڵەتی سەربەخۆ پێكەوە بنێن و نەیانتوانیوە دیادە دزێوە كۆن و ڕزیوەكانیش لەبنبێنن ،دەوڵەتی نەتەوەیی دووەم ئامانجیشی بریتیە لە گەشە و پێشكەوتن و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیانی خۆی،نەك برسیكردن و بێخزمەتكردن و زوڵم و چەوساندنەوە و پەشیمانبونەوە لەهەموو بنەماكانی شۆڕش و خەبات لە دیموكراسی و ئازادی و عەدالەت و خۆشگوزەرانی. دەوڵەتێك كە نەبێتە مایەی چەسپاندنی عەدالەت و بنبڕكردنی گەندەڵی و هێندەش غرورو بێمنەت بێت لە خەڵك و جەماوەر و میلەتەكەی هەر نەبوونی باشترە.
• پرسیار لێرەدا ئەوەیە ،گەر كورد هەر سوور بێت لەسەر چێكردنی ئەم ڕیفراندۆمە ئەنجامەكان چی دەبێت؟ لەناووچوونی ئەم دەسەڵاتە یان سەرخستن و پتەوكردنی و بەردەوامبوونی دەبێت؟ ئایا سەركردایەتی سیاسی ئامادەسازی تەواوی كردوە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئاڵنگاریە مەترسیدارەكانی دەورەوبەری؟ ئایا حسابی گەمارۆ و فشارەمای دەوڵەتانی ناوچەكەو دونیاشی كردوە؟ئایا گرەنتی سەركەوتنی پڕۆسەكەی لەناوخۆشدا بەدەستهێناوە؟
وەڵام ،بەداخەوە لەناوخۆدا یەك و یەكگرتوو نین نەلەگوتار و نەلەكرداردا،كە بۆخۆی ئەمە خاڵی هەرە لاوازی بڕیار و پڕۆسەكەیە و مەترسی گەورەشە بۆ سەرنەكەوتنی، لەگەڵ عێراقیشدا هیچ جۆرە ڕێكەوتن و لێكتێگەیشتن بە خۆشی و دوور لە دەمارگیری نەكراوە، لەگەڵ وڵاتانی دراوسێشدا هەمئاهەنگی و تەبایی و لێكتێگەیشتن سازنەدراوە، لەگەڵ وڵاتانی زلهێزیشدا بەهەمان شێوە ئامۆژگاریكراوین كە ئەو پڕۆسەیە لەم كاتەدا گونجاو نیە(( ئامۆژگاری زلهێز و دەسەڵاتدار هەمیشە جۆرێك لە هەڕەشەی لەپشتەوەیە)) و دەزگایەكی بەمتمانەی نێودەوڵەتیش وەكو نەتەوە یەكگرتوەكان دەڵێت ئێمە پشتیوانی و پشتگیری و سەرپەرشتی پڕۆسەكە ناكەین تا لە ڕێگەی عێراقەوە داوەت نەكرێین. بۆیە سووربوون لەسەر بڕیارێكی هەم چارەنووساز و هەمیش گرنگ و هەستیار بۆ هەموان كەبەم شێوەیە ئامادەسازی بۆ نەكرابێت و حساباتی وردی بۆنەكرابێت و خوێندەوەی هاوكێشە و بەڵانسی هێزەكانیشی بۆ نەكرابێت،جگە لەكارێكی سەركێشانە چیدی تر نیە و نابێت و ئەنجامەكەشی ماڵوێرانی و تێكدانی ئەم ئەزموونە و گەڕانەوە بۆ خاڵی دەستپێك و دووبارە بونەوەی مێژووی ڕەشی لەناوچوونی حكومەت و كۆمار و شۆڕشەكانی ڕابووردوومان دەبێت بەڵام ئەمجارەیان خوێناویتر و كاریگەرتر دەبێت بۆ 100 ساڵی ئایندەمان.
ئەی چارەسەر چیە؟
چارەسەری مامناوەندی بۆ تێپەڕكردنی ئەم قۆناغە و ڕەوینەوەی مەترسیەكان و ئاڵنگاریەكانی دەوروبەر،بریتیە لە خۆڕێكخستنەوەی زیاتری نێوماڵی كورد و باشتركردن و ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكان لەگەڵ بەغداد و دەرودراوسێكان و هەوڵدانی زیاتریشە لەگەڵ زلهێز و هاوپەیمانەكاندا كە پشتیوانی زیاتری مانەوە و بەردەوامبوون و بەهێزكردنی ئەم ئەزمونەمان بكەن،تاكاتێكی گونجاوتر و لەبارتر بۆ هێنانە دی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی،ئەوەش كاتێك دەبێت كە دەوڵەتە باڵادەستە ناوچەییەكان لە توركیا و ئێران و سعودیە و میسر و عێراق بەم گەورەیی و بەهێزییە و یەكگرتویە نەمێننەوە،ئەو كات كورد دەتوانێت بگاتە ئامانج و خەونە لەمێژینەكەی خۆی و زاڵیش بێت بەسەر هەموو ئاڵنگاریە مێژوویی و جوگرافیای و سنور و تابۆ نێودەوڵەتیەكان و ببێتە كاراكتەرێكی بەهێزیش لەناوچەكەدا كە هەموو بنەما سیاسی و ئابوری و سەربازیەكانی هەیە.
بۆئەوەی بشبینە دەوڵەتێكی یاسایی و دانپیادانراوی نێودەوڵەتی دەبێت لە ڕێگە و ڕێژچكە یاساییەكانەوە دەستپێبكەین و ئەویش بە كاراكردنەوە و توندوتۆڵكردنەوە و چەسپاندنی زیاتری دامودەزگا شەرعی و هەڵبژێردراوەكانی هەرێمەكەمان دەبێت لە پەڕلەمان و حكومەت و دەزگای دادوەری و سەروەربونی یاسا و چەسپاندنی دیموكراسی و ئازادیەكان و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ،ئەگینا بەپێچەوانەوە دەبینە دەوڵەتێكی دەرچوو لە یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتیەكان و هەموانیش دژمان دەوەستنەوە.

پـــەیـــوەنــدیــدار