بـــەپــەلــە
ڕیفراندۆم لە هۆكارەوە بۆ ئامانج !

ڕیفراندۆم لە هۆكارەوە بۆ ئامانج !

========================================

نەوزادی موهەندیس
Nawzad_mohandis@yahoo.com
• لە ئێستادا نزیكەی كەمتر لە 2 مانگی ماوە بۆ 25/9 كە وادەی چێكردنی پڕۆسەی ڕیفراندۆمە لەهەرێمی كوردستاندا و تا ئێستاش هەنگاوگەلێكی جدی نەنراوە بۆ سازدان و سەرخستنی پڕۆسەكە چ لە ڕووی سیاسیەوە بێت كە پەیوەستە بە بەرنامە و كاری پێكەوەیی و كۆدەنگی نیشتیمانی سیاسی و میللی و پەیوەندی بە ڕێكەوتنی سیاسی نێوان سەركردە و حیزبە سیاسیەكانەوە هەیە ،یان لە ڕووی یاساییەوە بێت كە پەیوەندی بەكاراكردنەوەی پەڕلەمان و دەركردنی یاسا و ڕێسای تایبەت بەو پڕۆسەیەوە هەیە، یاخود لە ڕووی لۆجستی و تەكنیكیەوە بێت كە پەیوەستە بە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە لە كوردستاندا.
• بەم شێوەیە مەسەلەی ڕیفراندۆم لە گەرموگوڕیەكی سەرەتاوە گۆڕدراوە بۆ مەسەلەیەكی ساردوسڕ و تەنانەت بۆ دژایەتیكردنیشی بەئاشكرا لەلایەن هەندێك كەس و گروپەوە وگرنگی و تۆخی سەرەتای نەماوە،ئەوەش لەبەر گەلێك هۆكاری تایبەت بەناوخۆی كورد كە كۆدەنگ نین لەسەر چۆنێتی چێ‌ كردنی پڕۆسەكە و هەمئاهەنگی و تەبایی و متمانەی تەواویش لەنێوان لایەنە سیاسیەكاندا نیە و دۆخی دابڕان و لێكدووربوون كاریگەری گەورەی هەیە لەسەر نزیكبونەوە و لێكتێگەیشتنە سیاسیەكان و لە ئێستاشدا باس لە دواخستنی پڕۆسەكە دەكرێت هەمووشی لەبەر ئەوەی لەناوخۆی هەرێمدا كەشوزهەوای لێكتێگەیشتن و نزیكبونەوە و كاڵكردنەوەی ململانێكان زاڵتر نیە بەسەر كەشو هەوای عینادی سیاسی و پێداگیری مناڵانە لەسەر خواست و ویستە سیاسی و حیزبیەكان.لە سەر ئاساتی عێراق و ناوچەكە و دونیاش هەموان زۆر بە ڕاشكاوانە ڕایانگەیاندوە كە كاتی چێكردنی ڕیفراندۆم گونجاو نیە و دەكرێت لە ئایندەدا و لەكات و ساتی گونجاوتردا ئەو بابەتە گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت ،چونكە هێشتا بیانوی شەڕی داعش ماوە و ناوچەكەش بەرگەی گۆڕانكاری و تێكچوون و خراپتربوونی باری سیاسی و ئابوری و ئەمنی تازە ناگرێت.
• ڕیفراندۆم هێندەی لەبارەوە گوتراوە ، لە هۆكار و هەنگاوێكی سەرەتاییەوە بەرەو ئاڕاساتەی سەربەخۆیبوون گۆڕدراوە بۆ ئامانجێكی تەواو و هەموان پێیانوایە بە چێكردنی ڕیفراندۆم ئیدی هەموو خەون و ئاواتەكانمان دێنە دی لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردیدا، بەڵام ڕاستیەكەی ئەوەیە كە ڕیفراندۆم هەنگاو و هۆكارە بۆ گەیشتن بە ئامانجێكی دیاریكراو نەك ئامانجی كۆتایی بێت ، لەنێوان پڕۆسەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیشدا مەودایەكی فراوان هەیە و دەكرێت لە ڕێگەی دانوسان و گفتوگۆی ئاشتیانەوە لەناو خۆی كورد و لەگەڵ عێراق و دواتریش لەگەڵ دەرودراوسێكان و ئینجاش لەگەڵ زلهێزەكان و نەتەوە یەكگرتوەكانیش قسەی لەبارەوە بكرێت، جا تا ئەم هەموو كار و هەنگاوانە دەنرێت دەكرێت كاتێكی دوورودرێژتریش پێویست بێت بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ.
• هەربۆیە بەداخەوە ڕیفراندۆم لەلای هەندێك حیزب و سەركردە بۆتە بابەتێكی بازرگانی بۆ دەستخستنی دەسكەوتی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و هەڵبژاردنەكان و بۆئەوەی بیكاتە دەسكەوتی خودی سەركردە و حیزبێك و دواتریش بیكاتە مقاشێك بۆ دەستبەسەراگرتنی ئایندەی وڵات و میلەتەكەمان،لەبەرامبەریشدا ژمارەیەك لایەن و سەركردەی تر دژ بەو هەڵوێستەن و كار دەكەن بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم بە مەرج و داواكاری ئەوان جێبەجێبكرێت و ئەوانیش هەمان مەبەستی لایەنی بەرامبەریان هەیە بۆئەوەی خۆیان بكەنە قارەمانی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم و دواتریش سوودی لێوەربگرن بۆ دەسكەوتی حیزبی و هەڵبژاردنەكان.
• بۆیە لە ئێستادا پڕۆسەی ڕیفراندۆم كە لە ڕاستیدا یەك تاكە مەبەست و ئەركی هەیە ئەویش وەرگرتنی ڕای زۆرینەی میلەتە لەسەر چارەنوسی خۆی لە مانەوە لەگەڵ دەوڵەتی عێراقیدا یان سەربەخۆبوون و جیابونەوە لەو دەوڵەتە.لەمە زیاتر ڕیفراندۆم نابێتە ر فریادڕەسی تەواوی ئامانجەكان، بەڵام لەم نێوەندی ململانێ‌ و ناكۆكی و دۆخە بارگەویەی هەرێمدا ڕیفراندۆم بۆتە كاڵایەكی بازرگانی هەرزان بەها بەدەست هەموانەوە لە سیاسیەكان تا ڕۆشنبیر و نوسەر و ڕوناكبیران و تادەگاتە كۆمەڵە و ڕێكخراوە مەدەنیەكان و سەرتاپای میلەتەكەشمانی گرتۆتەوە، و هەریەكە گەرەكێتی لەنێوان ((بەڵێ‌ )) و (( نەخێر))دا قازانج و سوودێكی بازرگانی بكات و دەسكەوتێك هەرچەندە كەمیش بێت دەستی بكەوێت،بەمەش هەموان پێكەوە دەبنە هۆی مرداركردنەوەی ڕیفراندۆم و بەتاڵكردنەوەی لە مانا و كرۆكە ڕاستەقینەكەی خۆی،ئەمەش بۆ تەنها مەرام و ویست و خواستی تایبەتی سەركردە حیزب و لایەنە سیاسیەكانە.
• بۆیە ئەركی هەموان و خەمخۆرانی ئایندە و چارەنوسی گەلەكەمانە كە هەوڵی جدی بدەن بۆ سەرگرتن و سەرخستنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم و هەموان پێكەوە لە ئامانجە سیاسی و یاساییەكەی دەرینەكەن و بەدووری بگرن لە ئامانج و خواستی بازرگانی پێوەكردن،چونكە ناكرێت كە بارزگانی و مامەڵە و سەودا هەرزان بەها بە پڕۆسەیەكی وا گرنگ و هەستیارەوە بكرێت كە پەیوەستە بە ئایندەی دەیان ساڵی داهاتووی نەتەوە و نیشتیمانەكەمانەوە لەهەر چوار بەشەكەی كوردستاندا، چونكە سەرنەگرتن و لەدەستدانی ئەم هەنگاو و دۆخ و قۆناغ و هەلەی كە هاتۆتە پێشەوە كاریگەری گەلێك گەورەی بۆ ئایندە و سەنگ و قورسایی مەسەلەی كورد دەبێت لەناوخۆ و لە عێراق و ناوچەكە و دونیاشدا و بەهەمان شێوەش سەرنەگرتنی پڕۆسەكەش شەرمەزاریەكی مێژووی دەبێت بەتەوێڵی هەموانەوە.

پـــەیـــوەنــدیــدار