شتێك ده‌رباره‌ی كوردانی فه‌ره‌نسا

شتێك ده‌رباره‌ی كوردانی فه‌ره‌نسا

 

ئه‌گه‌ر ئاورێك بده‌ینه‌وه‌ له‌ مێژووی كۆچكردنی كورد بۆ ووڵاتی فه‌ره‌نسا ده‌بینین كه‌ سه‌ره‌تاكه‌ی ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ نیوه‌ی ده‌وه‌می سه‌ده‌ی ڕابردو كاتێك كوردانی باكور له‌ توركیاوه‌ ده‌نێردران بۆ ئۆروپا بۆ ئیشكردن. داتایه‌كی ڕاست و دروستمان له‌ به‌رده‌ست نیه له‌ سه‌ر‌ ژماره‌ی كورد له‌ فه‌ره‌نسا (له‌ فه‌ره‌نسا قه‌ده‌غه‌یه‌ داتا كۆبكرێته‌وه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای ئیتنی، تایفی هتد..)، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی نزیكه‌ی 200 هه‌زار كورد نیشته‌جێی فه‌ره‌نسان و زۆربه‌ی چینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌ خۆ ده‌گرێت. 85% كوردی باكور، 15% كوردانی ناوچه‌كانی تری كوردستان.

 

په‌یوه‌ندی ئه‌كادیمی، كلتوری و كۆمه‌ڵایه‌تی:

نه‌وه‌یه‌كی نوێ كورد له‌ فه‌ره‌نسا سه‌ریهه‌ڵداوه‌ كه‌ له‌ ژیانی ئه‌كادیمی، كلتوری وكۆمه‌ڵایه‌تی فه‌ره‌نسا ڕۆڵی خۆیان ده‌بینن. نه‌وه‌ی نوێی كوردی فه‌ره‌نسا هه‌موو چینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌ خۆ ده‌گرێت، له‌ كرێكاره‌وه‌ تا ئه‌ندازیار و دكتۆر. ئه‌وانن به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان بونه‌ته پردێك نێوان كوردستان و فه‌ره‌نسا و‌ ڕۆڵێكی به‌رچاویان هه‌یه‌ له‌ ناساندنی دۆزی كورد له‌ ئاستی میكرۆ (واتا له‌ ئاستی خواره‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا).

گه‌ریلا له‌ باكور، پێشمه‌رگه‌ له‌ باشور و شه‌ڕڤانان له‌ ڕۆژئاوا، بونه‌ته‌ شوناسێك بۆ ئه‌و نه‌وه‌ نوێیه‌ كه‌ ڕۆژانه‌ باس له‌ دۆزی كورد ده‌كه‌ن و به‌ فه‌ره‌نسیه‌كانی ده‌ناسێنن.‌

له‌ ڕووی ئه‌كادیمی و په‌یوه‌ندی كلتوریه‌وه‌، ماوه‌ی 32 ساڵه‌ ئه‌نستیتوی كورد له‌ پاریس دامه‌زراوه‌ وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی فه‌ره‌نسی، هه‌روه‌ها ماوه‌ی زیاتر له‌ 30 ساڵه‌ له‌ ئه‌نستیتوی ئینالكۆ سه‌ر به‌ زانكۆی سوربون زمانی كو‌ردی ده‌خوێندرێت. به‌ ده‌ها ڕێكخراو سه‌نته‌ر كوردی موڵه‌تی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ناوخۆی فه‌ره‌نسایان وه‌رگرتوه‌ وكارو چالاكی خۆیان ده‌كه‌ن. به‌ نیسبه‌ت كوردستانی باشور، سه‌نته‌ری فه‌ره‌نسی كوردی بۆ زانست و كلتور له‌ پاریس KESCC Paris‌ توانیوێتی ببێته‌ پردێك له ‌نێوان کێڵگه‌ی ڕۆشنبیری فه‌ره‌نسی و کێڵگه‌ی ڕۆشنبیریی کوردستانيدا. هه‌روه‌ها توانیوێتی‌ دیپلۆماسیه‌تی ڕۆشنبیریی کوردستانیمان بگوێزێته‌وه‌ له‌ شوناسی قوربانیه‌وه‌ بۆ شوناسی ئه‌کته‌رى زیندوی به‌شدار و خاوه‌ن کارایی. هه‌رێمی کوردستان له‌ قۆناغی په‌ڕینه‌وه‌دایه‌، بۆیه‌‌ پێمویستمانه‌ به‌ دنیابینی تازه‌ و ئه‌کته‌ری تازه‌ و ئاستێکی تر له‌ په‌یوه‌ندی و کارکردن‌.

په‌یوه‌ندی سیاسی:

له‌ مێژه‌وه‌ فه‌ره‌نسا گرنگیده‌دات به‌ ناوچه‌كانی میزۆپۆتامیا، له‌ ساڵی ١٩٢٠  ڕێككه‌وتنامه‌ی سیڤه‌ر‌ ئیمزاكرا و تێیدا زلهێزه‌كان دونیا دانیاننا به‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی (به‌ پێی بڕگه‌ی ٦٢ بۆ ٦٤ی ڕێككه‌وتنامه‌ی سیڤه‌ر)‌. مرۆڤ دۆسته‌كانی فه‌ره‌نسا وه‌كو دانیال متیران و بیرنارد كۆشنه‌ر و ده‌ها و سه‌دان مرۆڤ دۆستی تر هه‌میشه‌ پاڵپشتی میلله‌تی كورد بوون. ئه‌و مرۆڤ دۆستانه‌ توانیان یارمه‌تی دۆزی كورد بده‌ن له‌ ئۆروپا به‌ تایبه‌تی له‌ دوای كیمیابارانی هه‌ڵبجه‌ و ڕاپه‌ڕینی ١٩٩١. له‌ ساڵی ١٩٩٣ فه‌ره‌نسا پرۆژه‌یه‌كی ئاماده‌كرد بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆزی كورد له‌ باشور به‌ڵام‌ جێبه‌جێ نه‌كرا‌. هه‌روه‌ها فه‌ره‌نسا ڕۆڵێكی پۆزیتیفی بینی بۆ دۆزینه‌وه‌ی جاره‌سه‌رێكی ئاشتیانه‌ بۆ ڕاگرتنی شه‌ڕی ناوخۆ.‌

فه‌ره‌نسا دژی شه‌ڕی ساڵی 2003  بوو دژ به‌ عێراق، به‌ڵام له‌ دوای ڕووخاندنی په‌یكه‌ری سه‌دام حوسێن له‌ گۆڕپانی فیرده‌وس هه‌ر زوو باڵیوزخانه‌ی خۆیكرده‌وه‌ له‌ به‌غدا. له‌ ساڵی ٢٠٠٦ سه‌رۆك مام جه‌لال سه‌ردانی پاریسی كرد و داوایكرد له‌ فه‌ره‌نسا ڕۆڵی خۆی ببینێت له‌ بنیاتنانه‌وه‌ی عێراق. دوای ٣ ساڵ واتا له‌ ساڵی ٢٠٠٩ جارێكی تر سه‌رۆك مام جه‌لال سه‌ردانی پاریسی كرد و فه‌رشی سووری بۆ خرایه‌وه‌ له‌ لایه‌ن سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا نیكۆلا ساركۆزی. ئه‌م سه‌ردانانه‌ی سه‌رۆك  تاڵه‌بانی په‌یوه‌ندییه‌كانی فه‌ره‌نسا و عێراق به‌ گشتی و فه‌ره‌نسا و كوردستان به‌ تایبه‌تی بوژانده‌وه و بۆ یه‌كه‌مین جار له مێژووی په‌یوه‌ندیه‌كانی فه‌ره‌نسا و كوردستان كونسوڵخانه‌ی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌ولێری پایته‌خت كرایه‌وه.

دوابه‌دوای كردنه‌وه‌ی كۆنسوڵخانه‌ی گشتی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌ولێر، په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و فه‌ره‌نسا زیاتر به‌ره‌و پێشچوون و په‌یوه‌ندیه‌كی ڕاسته‌وخۆ هاته‌كایه‌وه‌.

له‌ دوای داگیركردنی شه‌نگال و دواتر هه‌وڵدان بۆ داگیركردنی كۆبانێ، كوردانی فه‌ره‌نسا ڕۆڵێكی كارایان بینی له‌ ئاگاداركردنه‌وه‌ی ڕای گشتی فه‌ره‌نسا. له‌ مانگێكدا یه‌ك بۆ دوو خۆپیشاندانی گه‌وره‌ سازده‌كرا بۆ پیشتیوانیكردنی كۆبانێ. پێموایه‌ گۆڕانكاری چۆنایه‌تی له‌ په‌یوه‌ندی فه‌ره‌نسا و هه‌رێمی كوردستان هاتۆته‌ كایه‌وه‌ كه‌ ده‌كرێت به‌ گه‌رمی و به‌ باشتر ئیداره‌ بدرێت له‌ لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی كورد له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان.

ماوه‌ته‌وه‌ بڵێن هاتووچۆ نێوان پاریس و هه‌ولێر له‌ ماوه‌ی ١٠ ساڵی ڕابردوو له‌ هه‌ڵكشاندایه‌ و تا دێت گه‌رم و گوڕ ده‌بێت. سه‌ردانه‌كانی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌ مه‌به‌ستی پشتگیریكردنی پێشمه‌رگه‌ كه‌ له‌ جه‌ندگدایه‌ دژ به‌ تیرۆریزم و داعش هه‌نگاوێكی تری په‌یوه‌ندیه‌كانی فه‌ره‌نسا و كوردستانی برده‌ پێشه‌وه‌و چاوه‌روانین هه‌نگاوی گه‌وره‌تر بێته‌ دایك.

د. لوئه‌ی جاف

پاریس

پـــەیـــوەنــدیــدار

کـــۆمــێـنـت بــنــوســە