گریمان ریفراندۆم ئەنجامدرا؟

گریمان ریفراندۆم ئەنجامدرا؟

باس و خواسی ریفراندۆم بۆتە وێردی سەرزاری هەموو تاكێك و هەریەكەو بەجۆرێك گوزارشت لەم پرسە دەكات. لایەنە سیاسییەكانیش هەریەكەو بەجۆرێك باس لە ریفراندۆم و چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە دەكەن و كۆمەڵانی خەڵكیش بوون بە دوو بەش و بەشێك لەگەڵا (بەڵێ‌) یەو بەشێكیش لەگەڵا (نا) بۆ ریفراندۆم.
چاودێرانی سیاسی و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیش هەریەكەو بەجۆرێك گوزارشت لەم پرۆسەیە ئەكات. روون و ئاشكرایە وڵاتانی دراوسێ‌ و خۆرئاواو تەنانەت عێراقیش پشتیوانی لەم پرۆسەیە ناكەن. هەندێ‌ لە وڵاتانیش بە ئاشكرا بۆچوونی خۆیان لەسەر ئەم پڕۆسەیە روون كردۆتەوە تا ئاستی (هەڕەشەكردن)… هیچ تاكێك نییە لەم كوردستانە بڕوای تەواوی بە سەربەخۆیی كوردستان نەبێت تا ئێمەش وەك گەلانی جیهان خاوەن وڵاتێكی سەربەخۆی خۆمان بین تا بتوانین بە ئاسودەیی و خۆشگوزەرانی و ئارامی بژین و بتوانین رۆژ بەرۆژ وڵاتەكەمان ئاوەدانترو جوانتر بەڕێوەببەین.
ئەمانە هەمووی خەونی هەموو تاكێكی كوردە، بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارو راوەستانە لەسەری ئەوەیە وا گریمان ریفراندۆم ئەنجامدراو پرۆسەكە تێپەڕی. ئەی دوای ئەوە چی ئەبێت؟ ئەم هەرێمی كوردستانە ئەكەوێتە چ دۆخێكی سیاسی و ئابوری , هتد…. هیچ ئاسۆیەك روون نییە، ئایا كە ئەم پرۆسەیە كۆتاییهات، ئیتر بژێوی خەڵك باش ئەبێ‌؟ ئایا وڵاتانی دراوسێ‌ بەبێ‌ دەنگی دادەنیشن. ئایا ئەم پڕۆسەیە بە پەسەند ئەزانن و واقعیانە هەڵسوكەوتی لەگەڵدا دەكەن. ئایا لایەنە سیاسییەكان ئەوانەی كە پێیان وایە كاتی ئەم پڕۆسەیە نییە، هەڵوێستییان چی ئەبێت و ئایا دۆخی هەرێم لەڕووی ئەمنییەوە چی بەسەریەت، لەكاتێكدا وەفدی هەرێم چوونە بەغداد، بەڵام خۆ وەڵامەكان نادیارە بەغداش چ هەڵوێستێكی ئەبێت. ئایا ئەم پرۆسەیە لەژێر سایەی كاراكردنەوەی پەرلەماندا ئەنجام ئەدرێت، ئەمانە و هەموو ئایاو پرسیارانە. كەواتە ریفراندۆمێك بۆچی كە هەزارو یەك ئەگەرو پرسیاری نادیاری بەدوادابێت… لەهەمووی نیگەرانی تر دڵەڕاوكێی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانە كە نازانن چارەنوسیان بەرەو كوێییە، (بەڵێ‌) بڵێین چی ئەبێت، یان بڵێین (نەخێر) چی ئەبێت. ئەوەی ئێستا لای كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان گرنگترینە دابینكردنی موچەو بژێوی ژیانیانە. ئایا لەكۆتاییدا سەرۆكی هەرێم بەچی پاداشتی خەڵك دەداتەوە. دەبوایە سەركردایەتی سیاسی كورد پێش هەر هەنگاوێك بۆ دڵنیابوون لەئەنجامی ریفراندۆمەكەو ئەو لێكەوتانەی كە لێی دەكەوێتەوە زۆر بە روونی وەڵامی ئەو پرسانەی سەرەوەی بدایەتەوەو دڵنیایی بدایە بە هاونیشتمانیان بەجۆرێك لەجیاتی ترس و دڵەڕاوكێ‌ و بێ‌ متمانەیی بڕوای تەواویان بەوە هەبوایە لەدوای ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم بارودۆخ و ژیان و گوزەرانیان لەئێستا باشتر دەبێت. بۆیە ئەڵێین وا گریمان ریفراندۆم ئەنجامدرا، بەڵام چی ئەبێت…هیوادارم چی لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە، ئەوە بكرێت.

رێبواری ئیعلام

 

پـــەیـــوەنــدیــدار