بـــەپــەلــە
ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی دەستەی كارگێڕو ئەنجومەنی ناوەندی

ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی دەستەی كارگێڕو ئەنجومەنی ناوەندی

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە 7 ی كانوونی دووەمی 2015،   لەهۆڵی شازاد صائیب، لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە سلێمانی، ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆبوونەوەی (73)هەمینی ئاسایی خۆیی، بە بەشداری  دەستەی كارگێڕ، مەلا بەختیار لێپرسراو و عومەر فەتاح‌و حاكم قادر حەمەجان، ئەندامانی دەستەی كارگێڕیی‌و بەئامادەبوونی  عادل موراد، سكرتێر‌و ئەندامانی سكرتاریەت، بەڕێوەبرد.
عادل موراد: بەشداریی ئەنجومەنی ناوەندی لەبڕیارەكانی یەكێتییدا
كۆبوونەوە، بەساتێك وەستان بۆ شەهیدانی كوردستان‌و بەخستنەڕووی ئامانج‌و تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە، لەلایەن عادل موراد، سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی دەستیپێكرد، كە تیایدا ئاماژەی بەهەلومەرج‌و بارودۆخی گشتی ناوچەكە، عیراق‌و كوردستان، سەرۆكایەتی هەرێم، حكومەت‌و سەرۆكایەتی پەرلەمان، قەیران‌و كێشەكانی نەوت‌و غازو كارەبا، سیاسەت‌و بارودۆخی یەكێتیی لەڕووداوەكاندا، پەیوەندییەكانی لەناوخۆو دەرەوە، سەردانی وەفدەكەی یەكێتیی بۆ بەغداد‌و سیاسەتی فەرمی یەكێتیی كرد.
عادل موراد، ئاماژەی بەڕۆڵ‌و پێگەی یەكێتیی لەئێستای هەلومەرجەكەدا، لەسەر ئاستی ناوخۆو لەدەرەوەش كردو سیاسەتی هاوسەنگی یەكێتیی لەكۆی رووداوەكاندا رونكردەوە، هاوكات جەختی لەبەشداریی تێڕوانین‌و سەرنجەكانی ئەنجومەنی ناوەندی لەبڕیارەكانی یەكێتییدا دووپاتكردەوە.

مەلا بەختیار: دەسەڵاتی راستەقینەی ئابوری، جێبەجێكردن، سەرۆكایەتی هەرێم‌و سیاسەتی هەرێم لەسەر ئاستی دنیاو لەناو عیراقیشدا
پاشان، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، بەسوپاسی سكرتاریەتی ئەنجومەنی ناوەندی، بۆ بانگهێشت‌و میوانداری دەستەی كارگێڕی لە كۆبوونەوەكەدا، وتەیەكی پێشكەشكردو تیایدا، بەئاماژەكردن بۆ سیاسەتی نێودەوڵەتی كە سیاسەتێكی ناسازە، سیاسەت‌و ئامادەییەكانی وڵاتانی هاوپەیمانێتی دژی داعش‌و هاتنی روسیای بۆ ناوچەكە‌و بەشداری راستەوخۆی لەشەڕی دژی داعش رونكردەوە.

 

لەو بارەیەشەوە، سیاسەتی یەكێتیی، بۆ ئەو دۆخەی لەناوچەكە هەیە، رایگەیاند: “لەناوبردنی داعش ستراتیجەو، بوونی داعش‌و هێزەكانی دەوروبەری داعشیش، مەترسییە لەسەر ئاسایشی جیهانی، ئازادی جیهانی‌و چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان‌و بەڵكو خراپتریشی دەكات”.
وتیشی: روسیاو هەر هێزو دەوڵەتێكی تریش لەداعش دەدات، خۆشحاڵمان دەكات. بەڵام نەبوونی پرۆژەیەكی هاوبەش لەنێوان روسیاو ناتۆ، روسیاو هەندێك لەدەوڵەتانی كەنداو، لێكەوتەكانی كێشەیەو ترسێكی گەورەی دەبێ، بۆ ئەوەی لەدوای داعش بەرەو كوێ؟ ئایا سایكس پیكۆیەكی تر دەبێ؟ ئایا كێكە بەئارەزووی خۆیان دابەشدەكەن؟ ئایا شەڕی ئەمجارە؟ لەدوای سەد ساڵ لەسایكس پیكۆ، سایكس پیكۆیەكی تر بەپێی بەرژەوەندییە نوێكان، بەئاشكرا یان نهێنی مۆر دەكەن؟ پاشان كێكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت سوریا‌و عیراق، دابەشدەكەن.
راشیگەیاندك  لەئەگەرێكی ئاوادا، چارەنوسی گەلانی وەكو كورد بەرەو كوێ؟.
جەختیشیكردەوە:   ئەم پرسیارەو زۆرێكی تریش لەم پرسیارانە، دەبێ لێی بترسین، بۆ ئەوەی لەنیگەرانییەكان‌و لێكەوتەكانی ئەم پرسیارانە رزگارمان بێ، واچاكە، پێشوەخت كە لەشەڕداین، شەڕی دژایەتی داعش داننمان پێدا نراوە، كە باشترین  شەڕ لەناوچەكە كورد، لەڕۆژئاواو لەباشور دەیكات، پیشتر لەگەڵ ئەو وڵاتانە دابنیشین.
لەبەشێكی تری وتەكەشیدا، ئاماژەی بۆ هاوپەیمانێتی ستراتیجی نێوان یەكێتیی‌و پارتی كردو، وتی:   هاوپەیمانی ستراتیجی دوو، وەك باسكراوە، هیچ بنەمایەكی راستی نییە. چونكە نە مەكتەبی سیاسی‌و نە كارگێڕ دەسەڵاتمان نییە، ستراتیجی هاوپەیمانی پێشوو هەڵبوەشێنینەوە، كە بەكردەوە گەیشتۆتە بنبەست. نە دەسەڵاتیشمان هەیە ستراتیجی دوو داڕێژینەوە.
هاوكات لەژێر رۆشنایی دوا بڕیارەكانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی، زانیاری پێویستی سەبارەت بەدوا بڕیارو پێشنیازەكانی یەكێتیی رونكردەوەو لەبارەی شەڕی داعشیشەوە، تێڕوانینەكانی خستەڕوو، كە تیایدا سەركەوتنی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی رومادی بەگرنگ ناوبردو ئامادەكارییەكانیشی بۆ ئازادكردنی موسڵ رونكردە، كە نوێنەرایەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بەشداری لەو ئامادەكارییەدا كردووە.
مەلا بەختیار، چارەسەری كێشەكان لەگەڵ بەغدادو، گەیشتن بەڕێكەوتنیشی لەئێستادا بەگرنگتر‌و پێویست ناوبرد‌و، رایگەیاند: هەروەك چۆن پێویستە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەستەبەرێكی سیاسی باشتر وەربگرین، پێویستە لەگەڵ حكومەتی ناوەندیش بەهەمانشێوە دەستەبەرمان هەبێ.
وتیشی: چارەسەری ستراتیژی كۆی كێشەكان هەتا لەناو عیراقدا بین لەبەغدایە. بەڵام جۆرەها بەرژەوەندیی‌و پەیوەندی دیپلۆماسی‌و ئاسایش‌و ئاشتیشمان لەگەڵ دەوڵەتانی ئیقلیمیدایە. ئەزمونی چواردەساڵی رابردووشی لەگەڵ حكومەتی عیراق‌و گرفت‌و كێشەكانی رابردوو، لەو پێناوەدا بەیادهێنایەوە.
مەلا بەختیار، لەكۆبەندی تێڕوانینەكانیشدا لەچوارچێوەی سیاسەتی یەكێتییدا، وتی:   ئەم شەڕەی ئێستا لەناوچەكەدا هەیە، لەناوەرۆكداو لەدوای سایكس پیكۆوە، شەڕێكە لەسەر غاز‌و هاوپەیەمانێتیی‌و هێزە تایبەتی وڵاتانیشی لەو ململانێیەدا كە لەسەر غاز سەریهەڵداوە، رونكردەوە.
وتیشی:   كوردستان، بەهۆی ئەوەی یەكێكە لەخاوەنی باشترین كوالێتی‌و  یەدەگە گەورەكانی غاز لەناوچەكەدا، بەشێكە لەگۆڕەپانی ئەم شەڕو كێشەیە.
لەسەرەنجامی شرۆڤەكانیشدا، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، رایگەیاند:  بەئازایەتی پێشمەرگە نە نازین‌و بەرۆمانسیەتی سیاسیش نەخەڵەتێین، لەم هاوكێشەیەی كە بەرژەوەندی ئابوری تازەی وڵاتە گەورەكان‌و هەرێمایەتیشە، دەبێ لەناو خۆمان لەسەرانسەری كوردستان‌و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش رێكبكەوین، هەتا بزانین‌و گوێمان لێ بگیرێ كە ئایا پێگەی كورد لەم هاوكێشەیە لەكوێدایە؟ چونكە ئەمجارە‌و لەدوا سەرەنجامدا، ئەگەر ببین بەقوربانی هیچ كەسێك فرمێسكمان بۆ ناڕێژرێ.
لەكۆتایی وتەكەشیدا، سەبارەت بەكێشە‌و گرفتەكانی كوردستان، پڕوپاگەندەكانی نەوت، سەرۆكایەتی هەرێم‌و سەرۆكایەتی پەرلەمان، سەرەنجامی گفتوگۆو كۆبوونەوەكانی رونكردەوەو، وتی: “جگە لەگفتوگۆ رەسمییەكان، یەكێتی ئاگاداری هیچ گفتوگۆیەكی تر نییە سەبارەت‌و بەنەوت”.
وتیشی:   “بەهیچ شێوەیەك لێپرسراوێتی، ئەگەر هەبێ، نەوتی فرۆشراو وەكو پڕوپاگەندە دەكرێ لەدەرەوەی چوارچێوەی رێككەوتنە رەسمییەكان هەڵناگرین”.
وێڕای زانیاری پێویست، هەڵوێست‌و سیاسەتی یەكێتیی، لەبارەی دەسەڵاتی راستەقینەی ئابوری، دەسەڵاتی راستەقینەی جێبەجێكردن، دەسەڵاتی راستەقینەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و دەسەڵاتی راستەقینەی سیاسەتی هەرێم لەسەر ئاستی دنیاو لەناو عیراقیشدا،   تەئكید كردەوەو بەرنامەو نەخشە رێگای یەكێتییشی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان‌و بۆ چارەسەری كێشەكان لەناو خۆ، لەبەغدادو لەدەرەوەش دوپاتكردەوە.
هاوكات بەئاماژەكردن بۆ كێشەو گرفتەكانی ئێستای ناوخۆی كوردستان‌و لەناویشیاندا، شاری سلێمانی، هەوڵەكانی یەكێتیی بۆ چارەسەری گرفت‌و كێشەكان رونكردەوەو پشتیوانی‌و هەوڵەكانی یەكێیتی بۆ چارەسەریی بەپەلەی كێشەكان خستەڕوو.

عومەر فەتاح: سەربەخۆیی كوردستان دروشمی یەكێتی بووە

 

لەلایەن خۆشییەوە، عومەر فەتاح، ئەندامی دەستەی كارگێڕی، بە تەئكیدكردنەوە لەسیاسەتی یەكێتیی، ئاماژەی بۆ پرسی بەسەربەخۆیی كوردستان كرد، كە سەربەخۆیی كوردستان دروشمی یەكێتی بووەو لەچوارچێوەی مافی چارەی خۆنوسیندا گوزارشتی لێكردوەو رایگەیاند “ئازادی‌و سەربەخۆیی، بەشێكی گرنگ بووە لەخەباتی شۆڕشی نوێی گەلەمان‌و ئێستاش درێژە بەهەمان بەو بڕواو خەباتە دەدەین”.
رونیشیكردەوە، كە یەكێتی بەهەمان سیاسەتی خۆیەوە، كە فیداكارییەكەی بۆ سەربەخۆیی بووە‌و لەخەباتیش بەردەوام دەبین هەتا ئەو ئامانجە بەدیدەهێنین كە خوێنمان بۆ رشتووە‌و سەبارەت بۆ كێشەو گرفتەكانی كوردستانیش، سیاسەتی یەكێتیی رونكردەوە، كە لەپێناو گەیشتن بەرێككەوتنی یاسایی‌و سازانی سیاسی، كێشەكان لەچوارچێوەی یاسایی خۆیدا چارەسەر بكرێت.
عومەر فەتاح، جەختیشیكردوە: “پەیوەندییەكانی یەكێتیی لەناوخۆی عیراق‌و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، لەسەر بنەمای یەكێتیی ریزەكانی نەتەوەكەمان دەبێت‌و بەشێكین لەخەباتی رەوای میللەتەكەمان”.
رونیشیكردەوە، “لەم قۆناغەدا بەتایبەت‌و هاتنە پێشەوەی ئەو هەلومەرجە نوێیەدا، دەبێ وەكو كورد، بەشێك بین لەو نەخشە نوێیەو دەرفەتەكە لەدەستنەدەین‌و مافەكانی خۆمان بەدەستبهێنین‌و یەكێتیش خەبات دەكات بۆ ئەوەی ئەم دەرفەتە بقۆزینەوەو ئامانجەكانی نەتەوەكەمان بەدیبهێنین. كە هەلیش رەخسا، كۆنفیدراڵی باشترین چارەسەرە لەناوچەكەدا”.

حاكم قادر حەمە جان: رێككەوتنی نێوان یەكێتیی‌و گۆڕان، دژ بەهیچ لایەنێكی سیاسی نییە
لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، حاكم قادر حەمەجان، ئەندامی دەستەی كارگێڕی، لەوتەیەكدا ئاماژەی بۆ پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتیی‌و گۆڕان كردو بەخستنەڕووی زانیاری پێویست، دوا سەرەنجامی كۆبوونەوەو گفتوگۆكانی رونكردەوەو وتیشی: “تائێستا كۆبوونەوەكانمان بەردەوامەو خاڵی هاوبەشمان لەخاڵە ناكۆكەكان زۆرترو مێژووی هاوبەشمان لەمێژووی ناكۆكییەكان زیاترە”.
راشیگەیاند: “رێككەوتنی نێوان یەكێتیی‌و گۆڕان، دژ بەهیچ لایەنێكی سیاسی نییە، هەروەك چۆن رێككەوتنمان لەگەڵ پارتی، دژ بەهیچ لایەنێكی سیاسی نییە”.

 

حاكم قادر حەمەجان، بەرونكردنەوەی ئەرك‌و لێپرسراوێتییەكانی یەكێتیش، تەئكیدی كردەوە، كە “لێپرسراوێتی یەكێتیی لەسەرجەم لایەنەكان جیاوازترە”و لەو روانگەیەشەوە، پەیوەندییەكانی یەكێتیی لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسییەكان هەڵسەنگاندو گەشەپێدانیشی بەپێویستی قۆناغەكە ناوبرد.
لەبەشێكی تری قسەكانیشدا، پێگەو سەنگی بەدەسەڵاتی دادوەری لەهەرێمی كوردستان هەڵسەنگاندو جەختیكردەوە، كە “یەكێتیی هەمیشە پێداگری لەسەروەری یاسا دەكات” ‌و روانگەی یەكێتیی‌و پێداگیری لەسەر پرسی دادوەریی‌و دادگان رونكردەوەو پشتیواتنی‌و سەربەخۆیی بەگرنگ بایەخدار ناوبرد.
هاوكات وەك سەرۆكی لیژنەی كۆمسیۆنی كۆنگرەی یەكێتیی، رونیكردەوە كە لیژنەكەیان لەگەڵ سەرجەم ئۆرگانەكانی یەكێتیی كۆبۆتەوەو راشیگەیاند: بەدروستكردنی ئەو لیژنانە بەئاشكرا، یەكێتیی دەستپێكێكی گرنگی كردو پاش زانیاری سەبارەت بەكارەكانی لیژنەكە، رونیكردەوە كارەكانی لیژنەكەیان سازو ئامادەیە.
دووپاتیشیكردەوە:   “ئەركی هەموومانە، بەهەموو ناكۆییەكانمانەوە یەكێتییەكەمان بپارێزین”.
بەپێویستیشیزانی كە بەزوترین كات كێشەكانی خەڵكی كوردستان چارەسەر بكرێت.
وتیشی: یەكێتیی ناتوانێ لەو لێپرسراوێتی‌و ئەركە رابكات، بۆیە پێویستە بەرنامەی باشترمان هەبێت، هەتا بەهەنگاوی جدیتر چارەسەری كێشەكان بكەین.
هەر لەچوارچێوەی وتەكەشیدا  حاكم قادر حەمەجان، جەختیكردەوە، كە پرسی نەوت لەسەر ئاستی ناوخۆ و خەڵك، راگەیاندن، لەناوخۆو دەرەوەش قسەی لەسەردەكرێت‌و یەكێكیشە لەپرسە گرنگەكان. ئەگەرچی بەیاسا پرسی نەوت رێكخراوە، بەڵام سەرەڕای كێشەكان لەوبارەیەوە لەگەڵ بەغداد، لەناوخۆی كوردستانیشدا قسەی زۆری لەسەرە، كە پێویستە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران‌و دەستەی باڵاوە، شەفاف بێت‌و پێویستە داهاتەكەی بخرێتە خزمەتی بەرژەوەندی گەلەكەمانەوە.
هەروەها ئاماژەی بە بارودۆخ‌و گوزەرانی خەڵك كرد لەنەبوونی مووچەو كاروكاسپی‌و بەپێویستیزانی كە ئەنجومەنی وەزیران بەپەلە چارەسەری بكات، نەك باری خەڵك قورستر بكەن.

ئەنجومەنی ناوەند: كەشتیی چارەنوسی یەكێتیی‌و گەلەكەشمان بەرەو كەناری ئارامی
لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، دوا بەدوای ئەوەی زوبێر عوسمان،  سوپاسی سەردانە سەركەوتووەكەی وەفدی یەكێتیی بۆ بەغداد كرد، رونكردنەوەی پێویستی سەبارەت بەكۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی ناوەند لەگەڵ حزب‌و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان رونكردەوە، هەڤاڵانی ئەنجومەنی ناوەندی، بەراوبۆچوون‌و پرسیارەكانیان، سەبارەت بەتەواوی هەلومەرجی ناوخۆ، ناوچەكەو عیراق، پەیوەندییەكانی یەكێتیی بەتایبەت گۆڕان‌و پارتی، چۆنێتی چارەسەری كێشەو گرفتەكانی هەرێم، چارەسەری قەیرانەكانی كوردستان، گفتوگۆیەكی كراوەیان لەگەڵ دەستەی كارگێڕی ئەنجامداو تیایدا، ئەنجومەنی ناوەندی، تەئكیدیان لە”پاراستنی یەكێتیی ناو یەكێتیی” كردەوەو پەیامی پەرۆشی‌و دڵسۆزی خۆیان بۆ یەكڕیزیی تەبایی سەرجەم هەڤاڵان گەیاندە دەستەی كارگێڕیی‌و جەختیان كردەوە، كە پێویستە یەكێتیی لەم قۆناغەشدا، كەشتیی چارەنوسی یەكێتیی‌و گەلەكەشمان بگەیەنێتە كەناری ئارامی.
هاوكات كۆبوونەوەكە، بەبایەخەوە رۆڵی قارەمانانەو قوربانییەكانی هێزی پێشمەرگەی هەڵسەنگاندو بەمایەی ئارامی‌و ئاسودەیی پاراستنی سەروەرییەكانی كوردستان پێناسەكران.
هەروەك كۆبوونەوە، بەزویی چارەسەری پێویستیان بۆ كۆی كێشەو قەیرانەكانی كوردستان‌و گرفتەكانی خەڵك بەگرنگ ناوبردو لەو چوارچێوەیەشدا بەپێویستیانزانی، كە سەركردایەتی یەكێتیی، لەهەوڵەكانی بۆ كۆتایهێنانی بەقەیران‌و گرفتەكان بەردەوام بێت‌و ناكرێت چیتر لەخەڵكی كوردستان لەو بوارە ناهەموارەدا بەردەوام بن.

بە سوپاسەوە لە چاودێر وەرگیراوە

پـــەیـــوەنــدیــدار

کـــۆمــێـنـت بــنــوســە